ژنانی دێرەزوور: دەوڵەتی تورک هێرش دەکاتە سەر خەڵک

ژنانی دێرزوور ئاماژە بەوەدەکەن، دەوڵەتی تورکیا خەڵکی مەدەنی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکاتە ئامانج، ئەوان داوا لە دامودەزگا نێودەوڵەتییەکان دەکەن هەنگاوێک بنێنن بۆ ئەم بارودۆخە.

زەینەب خەڵیف

 

دێرەزوور- هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامە، ژنانی دێرەزوور ئاماژەیان بەوە کرد، دەوڵەتی تورکیا ژێرخان و نەخۆشخانە و خەڵکی ناوچەکەی کردووەتە ئامانج و ئەو هێرشانەیان شەرمەزار کرد، هەروەها داوایان لەڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کردووە هەنگاو بۆڕاگرتنی هێرشەکان بنێن.

 

"دەبێت دەوڵەتی تورکیا لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت"

ڕیم ڕەوام، هاوسەرۆکی شارەوانی گەلی حەجین لە کانتۆنی دێرەزوور، ئیدانەی هێرشەکانی کرد و وتی: بە توندی هێرشەکانی داگیرکاری سەربازی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانمان ئیدانە دەکەین، ئەم هێرشانە دژی ناوچە مەدەنییەکان ئەنجام دەدرێن و ژێرخانی ناوخۆیی دەکرێتە ئامانج، دەوڵەتی تورکیا لەڕێگەی سیاسەتەکەیەوە هەوڵی برسیکردنی خەڵک و لەناوبردنی ئابوورییەکەی دەدات بۆ ئەوەی پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک لە ناوچەکەدا تێکبدات، ئیدانەی ئەو دەوڵەتانە دەکەم کە بانگەشەی پاراستنی گەل دەکەن لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەم گەرەنتییانە تەنها لە کاتی ئاگادارکردنەوەدا دەکرێن، تا ئێستا هیچ دەستوەردانێکی جددی بۆ سنووردارکردنی کردەوەکانی دەوڵەتی تورکیا نەکراوە و لێپرسینەوەی لەگەڵ نەکراوە.

 

ڕیم ڕەوام داوای لەڕێکخراوە مرۆیی و یاساییەکان کرد دەستوەردان بکەن و گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بپارێزن و دەستکەوتەکانیان بپارێزن و بەم شێوەیە کۆتایی بەقسەکانی هێنا: دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ناتوانێت شەڕمان لەگەڵ بکات لەو دۆخە سەختە ئابوورییەی کەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی پێیدا تێدەپەڕێت، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتی ئەو شتانە لە ئەستۆ بگرێت کەڕوودەدات و کۆتایی بە داگیرکارییەکان بهێنێت.

 

"ئێمە هەڵدەستین و لە تەنیشت هێزەکانمانەوە دەوەستینەوە"

حەیات ئەحمەد، ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا ڕایگەیاند: هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆسەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا زۆر دڕندانەن و ئامانجیان تێکدانی ژێرخانی ناوچەکە و تێکدانی ئاسایش و ئارامی ناوچەکەیە، وەک گەلی ئەم خاکە ئامادەین بەرەنگاری هێرشەکان ببینەوە، پێشبینی ئەم هێرشانە دەکەین لە هەر ساتێکدا، چونکە دەوڵەتی تورکیا دوژمنە و هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دەکات، دەوڵەتی تورکیا پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر بارودۆخی ناوخۆی خۆی دەزانێت.

 

لە درێژەی قسەکانیدا حەیات ئەحمەد وتی: ئەوەی دەوڵەتی تورکیا دەیکات نامرۆڤانە و بێ ڕەوشتییە، لە ئەنجامدا منداڵان و هاووڵاتیانی بێتاوان دەبنە قوربانی ئەو هێرشانە، بە ئامانجگرتنەکە بەڵگەی لاوازی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیایە، سیاسەتی ئەوان بۆ هەمووان ڕوونە، ئێمە وەک ژنانی دێرەزوور بەردەوام دەبین لە بەرخۆدان و پشتیوانی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک دەکەین و بەرەنگاری دەبینەوە.

 

حەیات ئەحمەد وتیشی: پێویستە سنوورێک بۆ ئەو کارانە هەبێت، دەوڵەتی تورکیا هێڵی سووری بەزاندووە، بۆیە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین دەستبەجێ هەنگاو بنێن و ئەو کارانەڕابگرن.