ژنان لەڕێگەی پەروەردەوە فێری فریاگوزاری سەرەتایی دەبن

ژنان و ژنە گەنجەکانی کامپی مەخموور سەرەڕای هێرش و گەمارۆکان، بەشدارییان لە خولی پەروەردەی تەندروستی کرد کە بۆ ماوەی دوو مانگە بەردەوامە و ڕایانگەیاند، تاکە ئامانجیان بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروستە.

نوپەلدا دەنیز

 

مەخموور- ژنانی کامپی مەخموور کە دوای سەفەرێکی دوورودرێژی پەنابەری، لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی "مەخموور" نیشتەجێ بوون، لەڕۆژی پەنابەریانەوە تا ئەمڕۆ لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بەرخۆدان دەکەن، ژنانی کامپەکە هەوڵدەدەن لە هەموو بوارەکاندا؛ لە خوێندنەوە و نووسینەوە تا پەروەردەی زمان، لە بەرگدرووییەوە تا فێربوونی فریاگوزاری سەرەتایی، لە بەرامبەر هەموو هێرش و گەمارۆ و ئاستەنگەکان خۆیان پەروەردە بکەن.

 

یەکێک لەو بوارانە بواری تەندروستییە، تەندروستی لە ژیانی مرۆڤدا جێگەیەکی گرنگی هەیە، بۆیە زۆر کەس دەیانەوێت لەم بوارەدا پەرە بە خۆیان بدەن، بەشی تەندروستی کامپی مەخموور، سەرەڕای هەموو بێ دەرفەتییەکان، هەوڵدەدات بە پەروەردەکردنی ژنان و ژنانی گەنجی کامپی مەخموور لەڕووی پراکتیک و تیۆریەوە کۆمەڵگەیەکی تەندروست بونیاد بنێت، ئەمساڵ کەرتی تەندروستی لەسەر داوای ژنان دەستی بە خولێکی فێرکاری تەندروستی فریاگوزاری سەرەتایی کرد، ئەم خۆلی پەروەردە لەژێر ناونیشانی "شەهید د. تیژدا ئامەد''، بە بەشداری ٣٢ ژن و ژنی گەنج، بۆ ماوەی دوو مانگ بەردەوام بوو، دوای تەواوبوونی خولی پەروەردەکە بڕوانامەیەک بەخشرایە بەشداربووان.

 

له میانی پەروەردەکەدا به به شداری پەرستاران و پزیشکان، ٦ کاتژمێر له ڕۆژێکدا چاودێری ته ندروستی و ئه ناتۆمی و ڕێکارەکانی پەرستاری و پراکتیک و تیۆری درا، بەیانیان وانەی تیۆری و پاشنیوەڕۆ وانەی پراکتیکی دەوترایەوە، ئەوانەی بەشدارییان کردووە، وەک ستاژ لە نەخۆشخانەکەدا کاردەکەن.

 

بەشداربووان بۆ دەزگاکەمان قسەیان کرد.

 

"هەوڵدەدەین بە فێربوونمان هاوکاری خێزان و کۆمەڵگەکەمان بکەین"

ئەڤین ئەحمەد، یەکێک لە بەشداربووانی پەروەردەکە ڕایگەیاند، پەروەردە گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ ژنان و کۆمەڵگە و وتی: وەک دایک ویستمان بەشداری لە پەروەردەی تەندروستی بکەین، ئێمە فێری فریاگوزاری سەرەتایی بووین بۆ کۆمەڵگەکەمان، هەوڵ دەدەین لەڕێگەی فێربوونمانەوە یارمەتی خێزان و کۆمەڵگەکەمان بدەین و کۆمەڵگەیەکی تەندروست بونیاد بنێین، ئێمە زۆر خۆشحاڵین کە وەک دایکان بەشداری لەم جۆرە پەروەردانەدا دەکەین، زۆربەی ژنان و ژنانی گەنج پێویستە لەم جۆرە کارەدا جێگەی خۆیان بگرن، داوا لە هەمووژنان دەکەین بەشداری پەروەردە بکەن بۆ گەشەپێدانیان، چونکە پەروەردە بۆ ژنان و کۆمەڵگە زۆر گرنگە.

 

شیندا بولوت ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان فێری فریاگوزاری سەرەتایی بوون بەمەبەستی ڕێگریکردن لە بارودۆخی نائاسایی و وتی: وەک کامپی مەخموور ڕۆژانە ڕووبەڕووی هێرشی ئاسمانی دەبینەوە و لەئەنجامی ئەو هێرشانەشدا گەلەکەمان بریندار دەبن و گیان لەدەستدەدەن، هەر بۆیە ویستمان بەشداری لەپەروەردەکان بکەین بۆ ئەوەی بتوانین سەرەتا ئەم شتانە وەربگرین و یەکەم دەستوەردان بکەین.

 

"پەروەردە ب ۆژنانی گەنج زۆر گرنگە"

شیندا بولوت لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، پێویستە ژنان گرنگی بە تەندروستی و بەرگریکردن لە خۆیان بدەن و وتی: پەروەردە بۆ ژنانی گەنج زۆر گرنگە، وەک ژنانی گەنج پێویستە لە هەموو ڕوویەکەوە خۆمان پەروەردە بکەین و گرنگی بە تەندروستی و خۆپاراستن بدەین، ئێمە لە پەروەردەدا هەردوو لایەنی تیۆری و پراکتیکیمان دۆزیەوە، دوای پەروەردە وەک ستاژ لە نەخۆشخانە کاردەکەین، ئێمە زۆر دڵخۆشین کە تەندروستی کامپەکە دەرفەتێکی لەو شێوەیەی بۆ ڕەخساندین.