"دەزانین زیادبوونی کوشتن دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتەکانی دەوڵەت"

ژنانی ئامەد ئاماژەیان بەوە کردووە، ڕووداوەکانی توندوتیژی و هەراسانکردن و دەستدرێژی و کوشتن بەرانبەر بە ژنان ڕوو لە زیادبوونە و سیاسەتەکانی بێ سزای دەوڵەت هۆکاری زیادبوونی کوشتنی ژنانە.

دیرەن ئەنگیزەک - مەدینە مامەدئۆغڵو

 

ئامەد- ڕۆژ لە دوای ڕۆژ حاڵەتەکانی توندوتیژی و دەستدرێژی و کوشتنی ژنان لە زیادبووندایە، لە باکووری کوردستان و تورکیا کاردانەوەکان بەرامبەر بە هەواڵی کوشتنی ژنان لە زیادبووندایە، لەم دواییانەدا کوشتنی دوو ژن لەلایەن پیاوێکەوە لە گەڕەکی فاتیحی ئەستەنبوڵ، کوشتنی دوو ژن لەلایەن پیاوێکەوە لە تەکیرداغ لە ماوەی نیو کاتژمێردا، هەروەها دیمەنەکانی توندوتیژی دژی ژنان لە بەیئۆغڵو، ئەم کێشە کۆمەڵایەتییەی کردە یەکەم شت لەسەر لە ڕۆژەڤدا.

 

 بەپێی ڕێژەی توندوتیژی لە مانگی ئەیلوولدا کە لەلایەن ئاژانسی ژن نیوز ئامادەکراوە، لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا؛ ٣٠  ژن و منداڵ کوژراون، ١٥ ژن و چوار منداڵیش بە گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.

 

"پیاوان لەلایەن دەوڵەتەوە هاندەدرێن"

پارێزەر ئەسمەر ئۆزەر، ئەندامی دەستەی مافی ژنان لە سەندیکای پارێزەرانی ئامەد سەبارەت بە کوشتنی ژنان وتی: ناتوانین بە جیا لە سیاسەتەکانی دەوڵەت بیر لە کوشتنی ژنان بکەینەوە، کولتوورێکی زۆر جددی بێ سزای لە هەموو بەشەکاندا هەیە لە وڵات، ئەم کولتوورە بێ سزایە، بە تایبەت لە مەیدانی سیاسیدا، هەمیشە لە حاڵەتەکانی توندوتیژی دژی ژناندا دێتە بەردەممان، لە پرۆسەی داواکاری یاسایی و پرۆسەی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیە یاساییەکاندا دەبینین کە بێباکییەک لەلایەن دەوڵەتەوە هەیە.

 

"هیچ ڕێکارێکی خۆپارێزی جێبەجێ ناکرێت"

ئەسمەر ئۆزەر سەرنجی بۆ ئەو کارانە ڕاکێشا کە بە سەرپەرشتی ناوەندی کۆمیسیۆنی مافی ژنان لە سەندیکای پارێزەرانی ئامەد ئەنجام دەدرێن و وتی: لە کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ دامودەزگا جیاوازەکان هەمان دەرەنجامەکان دەردەخەین، ژمارەیەکی زۆر کەم لە ژنانی قوربانی توندوتیژی داواکاری پێشکەش دەکەن، ٧%ی ئەو داواکاریانەی پێشکەش دەکرێن بەشێکن لە قۆناغی لێکۆڵینەوە و سەرکەوتوون، پێشوەختە ڕێوشوێنی خۆپارێزی و ڕێگریکردن و پاراستن بەشێکە لەم کولتوورە بێ سزایە.

 

ئەسمەر ئۆزەر وتی: ئەو هێرشانەی کە دوای کشانەوەی تورکیا لە ڕێککەوتنی ئیستەنبوڵ زیادیان کردووە، بووەتە هاندانی گرووپە سیاسییەکان لە گۆڕەپانی سیاسیدا، ئێستا زیادبوونی توندوتیژیی دەوڵەت وەک شتێکی ئاسایی سەیر دەکرێت، کەواتە ئێستا چەقۆکە گەیشتووەتە ئێسکەکە، لەم خاڵەوە دەبێت ئەوەمان لەبیربێت کە درێژە بەو خەباتە دەدەین و هەمیشە هێز لە یەکتر وەردەگرین.

 

 ئەسمەر ئۆزەر داوای لە ژنان و گەنجان کرد کە زیاتر خۆیان ڕێکبخەن و دەنگیان بەرز بکەنەوە لە گۆڕەپانی سیاسیدا، دەنگی خەبات بەرز بکەنەوە و وتی: مرۆڤ یەکە لەگەڵ کۆمەڵگە، بۆیە کاتێک دەمانەوێت لە ژیانی خۆمان و کۆمەڵگەدا دەبێت دەنگمان بەرز بکەینەوە و تێبکۆشین بۆ گۆڕینی هەندێک شت، دەتوانین ئەمە لە شەقام و گەڕەکەکاندا بکەین.

 

"ڕۆژینیان لەدەستدا"

هەروەها شایدە ئەرکان بە چوونە مەیدان کاردانەوەی خۆی نیشان دا و ڕایگەیاند، نابێت دایکان بگرین و وتی: با چیتر کورد نەچەوسێندرێتەوە، هەژارەکان هەموو شتەکانیان لەدەست دەدەن، نارین کوژراو ڕۆژینیش بێسەروشوێن بوو، بۆ زۆرێک لە ژنان دەڵێن خۆیان فڕێداوە، ئایا خەڵک وا بە ئاسانی دەستبەرداری  خۆی دەبێت.

 

"ئێمە دەڵێین بەسە! "

ئیدا کایالار ئاماژەی بەوەکرد، لەبەرئەوەی توندوتیژی ئاسایی دەکەنەوە، بەردەوام زیاد دەکات و وتی: لەبەرئەوەی مرۆڤە باشەکان هەمیشە بێدەنگ دەبن، توندوتیژی زیاد دەکات، پێویستە لەسەر ئەم دۆخە بڵێین بەسە!  ئێمە زۆر توڕەین, هیوادارم ئەمە دواجار بێت، بەڵام ڕوونە کە دواجار نابێت، هەست بە سەلامەتی و دڵخۆشی ناکەم، بێهیوام لە ئایندەم، چونکە ئارامی و ئاسایش نییە، هەمیشە کاتێک دەچمە دەرەوە سەیری پشتم دەکەم، لە ترسدام، نیگەرانم، خێزانەکەمیش نیگەرانن، هەموو ژنان بەو شێوەیەن، هیوادارم ئەم دۆخە کۆتایی پێبێت، دەبێت ئەمە بگۆڕدرێت، شۆڕش و گۆڕان بۆ ئەم وڵاتە پێویستە.