ئاگری شۆڕشی کاوەی ئاسنگەر دژی زوحاکی سەردەم ناکوژێتەوە

نزیکەی دوو مانگ بەسەر ڕاپەڕینی سەرتاسەری خەڵکی ئێران لە دژی حکومەتی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی تێدەپەڕێت، شەوی ڕابردووش لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ڕاپەڕینی شەوانەی ناڕازییان بە ئامادەبوونی زۆری خەڵکی ئێران درێژەی هەبوو .

ناوەندی هەواڵ

 

شۆڕش و ڕاپەڕینی گەلانی ئێران کە بە کوشتنی ژینا ئەمینیی تەمەن ٢٢ ساڵ، خەڵکی شاری سەقز لە ڕۆژهەلاتی کوردستان دەستیپێکرد، دوێنێ لە ٥٦هەمین ڕۆژی خۆیدا بەردەوام بوو، شەوی ڕابردوو گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی دیکەی ئێران لە شارەکانی دیکە بە ئامادەیییەکی زۆرەوە درێژەیان بە ڕاپەڕین بۆ ئازادی دا و ڕایانگەیاند کە تا گەیشتن بە ئازادی بەردەوام دەبن لە خۆڕاگری.

 

سەرەڕای دۆخی ئەمنیەتی چڕ لە شارەکان، ئازادیخوازان لە شارەکانی کرماشان، ئیلام، دێزفول، ڕەشت، مەریوان، کامیاران، مەهاباد، تاران، بەندەر عەباس، خومەینیشار، ئەهواز-سەفهان، بیرجەند، کەرەج، فۆلودەشار، قوم، بۆکان، مەشهەد، قەهدریجان، شیراز، سەقز ، بەهبەهان و... هتد، هاتنە سەر شەقامەکان و بە داگیرساندنی ئاگر، ڕایانگەیاند کە ئاگری ڕاپەڕینی کاوەی ئاسنگەر دژی زەحاک زەمانێک ناکوژێتەوە. ئازادیخوازان بە وتنەوەی دروشمی "مەرگ بۆ دیکتاتۆر" ڕایانگەیاند کە ڕژیمی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامییان ناوێت.

 

لە شارەکانی کەرەج و فەولادشاری ئیسفەهان، ئازادیخوازان ئاگریان لە گۆڕەپان و ناوەندی نوێنەرایەتی وەلی فەقیە بەردا و لە شاری خومەینی شەهریش ئاگریان لە نووسینگەی ئیمام جومعە بەردرا، لە بیرجەند و ئیسفەهان، خۆپیشاندەران ڕق و بێزاری خۆیان بۆ ئەم حکومەت و ڕێبەرە ساختەیە نیشاندا، بنکەی بەسیج لە مەشهەد لەلایەن گەنجانی شۆڕشگێڕەوە ئاگری تێبەردرا و بنکەی بەسیج لە دەرکۆت عەبدوڵڵا ئەهوازیش لەلایەن ئازادیخوازانی عەرەب و لە شاری چناران، نووسینگەی پەرلەمانتاران لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە ئاگری تێبەردرا.

 

هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە ترسی سووتاندنی پەیکەری قاسم سولەیمانی لە شاری کرمان، شەو و ڕۆژ پاسەوانی لە پەیکەرەکەی دەکەن.