بەبۆنەی نزیکبوونەوە لە ٢٥ی تشرینی دووەم، لە قەندیل چالاکی ئەنجام درا

ژنان لە بناری قەندیلەوە بۆ ٢٥ی تشرینی دووەم چالاکیان ئەنجام داو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا داوای تێکۆشانی هاوبەشیان کرد لە بەرامبەر ستەمی سەر ژنان.

ناوەندی هەواڵ

 

چالاکییەکان بە بۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبەر/تشرینی دووەم ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لە جیهان و هەر چوارپارچەی کوردستان دەستیان پێکردو لەو چوارچێوەدا لە بناری قەندیل لە باشوری کوردستان چالاکی ئەنجامدرا.

 

چالاکیەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە شەهیدان دەستیپێکرد، دواتر لەسەر ناوی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان "ڕەژاک" ئاواز ئیسماعیل قسەی کرد و ئاماژەی بەوەکرد کە ئەوان داوا لە هەموو ژنانی جیهان دەکەن کە خاوەنداری لە ئازادی خۆیان بکەن و ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن.

 

ئاواز ئیسماعیل وتی: "لەبەر ئەوەی هەموو ڕۆژێک ژنان ڕووبەڕووی دەستدرێژی، کوشتن و گرتن دەبنەوە، دەیانەوێت ئیرادەمان بشکێنن و کولتوری خۆیان بەسەرماندا بسەپێنن، دەبێت ژنان یەکگرتوو بن و پێکەوە بەرامبەر بە ستەم بوەستنەوە".