کۆمەڵەی قەڵەمی ئەمریکا: یاساکانی کۆماری ئیسلامی مەترسی دروستکردووە
کۆمەڵەی قەڵەمی ئەمریکی بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک سەبارەت بە گرتنی نووسەران و هونەرمەندان ڕایگەیاند کە "کۆماری ئیسلامی بە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ، وەک ئەشکەنجەدانی سیستماتیک لە زیندانەکان و دەرکردنی سزای توند، ژیانی نووسەرانی خستووەتە مەترسییەکی گەورەوە".
ناوەندی هەواڵ
١١ی تشرینی دووەم لەگەڵ بەردەوامی دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران و نووسەر و هونەرمەندانی ئێران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، کۆمەڵەی قەڵەمی ئەمریکی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و نیگەرانی خۆی لە سەرکوتکردنی سیستماتیکی و سزای ناڕەوا بەسەر خۆپیشاندەراندا دەربڕی.
کۆمەڵەی قەڵەمی ئەمریکی لە بەیاننامەکەیدا سەرکوتی حکومەت و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و گوشارە ئەمنییەکانی سەر هاوڵاتیانی ئێرانی شەرمەزار کرد و ئاماژەی بە کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی ئێران ناسراو بە دەوریەی ئیرشادی و دەسپێکی ناڕەزایەتییەکانی دژی کۆماری ئیسلامی کرد.
ئەم کۆمەڵەیە لە بەیاننامەکەیدا نیگەرانی خۆی لە دۆخی دەستبەسەرکراوان و نووسەران و هونەرمەندانی داهێنەر، لەوانە حسێن ڕونقی مەلەکی، تۆماج ساڵحی و سامان یاسین دەربڕی کە لە زیندان ڕووبەڕووی هەڕەشە و نەبوونی چاودێری پزیشکی بوونەتەوە و ڕایگەیاندووە، "دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامی سامان یاسین گۆرانیبێژی ڕاپی کوردی بە تاوانی جەنگ سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپاندووە، لەکاتێکدا ئەو وەک گۆرانیبێژێک تەنها گۆرانی لەسەر پرسە کۆمەڵایەتییەکانی وەک بێکاری و هەژاری نووسیوە و پێشکەشی کردووە".