چارەنووسی ئەو ژنانەی دەستگیرکراون نادیارە

تەڤگەری سەربەخۆی ژنانی ئەفغانستان ڕایگەیاند کە تاڵیبان شەپۆلێکی نوێی دەستگیرکردنی دژی ژنان و چالاکوانانی مافی مرۆڤ دەستپێکردووە، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە لە بەرامبەر ئەو دڕندەییە بێدەنگ نەبن.

ناوەندی هەواڵ

 

تەڤگەری سەربەخۆی ژنانی ئەفغانستان ئاماژەی بەوەکرد کە تاڵیبان ئەفغانستانی خستووەتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە و شەپۆلێکی نوێی دەستگیرکردنی لە دژی ژنان و چالاکوانانی مافی مرۆڤ دەستپێکردووە، لەبارەی ئەو ڕووداوانەشەوە ڕاگەیەندراوێک لەلایەن وەحیدە ئەمیری خوێندرایەوە، کە پێشتر لەگەڵ ٢٩ کەسی دیکە لەلایەن تاڵیبانەوە ڕفێنرابوون و نزیکەی مانگێک دەستبەسەر کرابوون و چەند ڕۆژێک لێپێچینەوەیان لەگەڵ کراوە.

 

چارەنووسی ڕفێندراوەکان نادیارە

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "دوای ئەوەی تاڵیبان ئەفغانستانی داگیرکرد بە پشتیوانی حکومەتی ئیمپریالیستی و پێکهاتە هەواڵگرییە ناوخۆیی و جیهانییەکان، چەندین تاوانی وەک دەستگیرکردنی چالاکوانان، بە زۆر دوورخستنەوەیان و ئەشکەنجەدان، خەڵکی بێتاوانیان کوشت و ژنانیان لە کۆمەڵگە دابڕی و دەستبەسەرکران، بەپێی دوایین زانیاری بەدەستمان گەیشتووە، ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی تشرینی دووەم، هێزەکانی هەواڵگری تاڵیبان پاش چالاکییەکی ژنان لە ناوچەی دەشت بێرچی کابول، بە شێوەیەکی کەیفیی ژنە چالاکوان زەرقیفە یەعقوبی و چوار لە هاوەڵانی کە پیاو بوون، دەستگیرکران و تا ئێستا چارەنووسی ئەو پێنج کەسە نادیارە، مافی پاراستنی ئەو پێنج دەستگیرکراوە ڕەتکرایەوە و هیچ زانیارییەک لە خێزانەکانیان وەرنەگیرا.

 

ڕاپۆرتە نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زەینەب ڕەحیمی و فەریحا پۆپالزای لەلایەن تاڵیبانەوە دەستگیرکراون، بەڵام بەداخەوە کەسوکاریان لە ترسی تاڵیبان ئاماژەیان بە دەستگیرکردنیان نەکردووە، ئاشکرایە ئەو ژنانە بەهۆی داواکردن بۆ داوای مافی مرۆڤ دەستگیرکراون کە لەلایەن ڕژێمی ستەمکاری تاڵیبانەوە قبوڵ نەکراوە، ڕاپۆرت هەیە لەسەر ئەشکەنجەدان و خراپ مامەڵەکردن لەلایەن هێزەکانی هەواڵگری تاڵیبانەوە، ئێمە بەجدی نیگەرانین لە دۆخی چالاکوانان و خۆپیشاندەرانی دەستبەسەرکراو لەلایەن تاڵیبانەوە.

 

داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن

ئێمە ئیدانەی ئەو تاوانانە دەکەین و داوا لە خەڵکی ئەفغانستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین کە بەرامبەر ئەم دڕندەییە بێدەنگ نەبن و بە هەموو شێوەیەک دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە، هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین، پابەندبوونی خۆیان بە بەهاکانی مافی مرۆڤ بە وەستانەوە لەگەڵ خەڵکی ئەفغانستان دووپات بکەنەوە و داوای دادپەروەری بکەن، بێدەنگیان دەبێتە هۆی بەردەوامبوونی ئەم دڕندەیی و ستەمە".