بەهۆی ئاگر لە گوندێکی ئاغجەلەر دوو هەزار دۆنم پووش و دارستان سووتان

پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بڵاویکردەوە، بە هۆکارێکى نادیار ئاگرێکى فراوان لە گوندى گەورەدێ لە سنووری ئاغجەلەر کەوتەوە و لە ئەنجامدا دوو هەزار دۆنم، پووش و پاوان و دارستان سووتان.

ناوەندی هەواڵ

 

لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، ئاگر کەوتنەوە لە سنووری گوند و دۆڵ و دارستانەکان زیادی کردووە، لەمساڵدا بە هەزاران دۆنم پووش و پاوان و داری سروشتی سووتاون، هاوکات چەند کەسێکیش بە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکان دەستگیر کراون.

 

بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بڵاوی کردەوە، بە هۆکارێکى نادیار ئاگرێکى فراوان لە گوندى گەورەدێ لە سنووری ئاغجەلەر-ى سەر بە پارێزگاى سلێمانى کەوتەوە.

 

وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی توانیویانە کۆنتڕۆڵی ئاگرەکە بکەن، بەڵام بەهۆی ئاگرەکەوە دوو هەزار دۆنم لە پووش و پاوان و دارستان سووتاوە و زیانێکى زۆریش بە سروشتی ناوچەکە گەیشتووە.