سلێمانی، نمایشی شانۆی "پەرچەمی ئاگرین" لە ساڵیادی ژینادا ڕێگری لێکرا

ڕێکخراوی نوێگەر بۆ گەشەپێدانی هونەری ڕایگەیاند، بڕیار بوو ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی شانۆی "پەرچەمی ئاگرین" بۆ ساڵیادی ژینا ئەمینی نمایش بکەن، بەڵام ڕێگری لە نمایشکردنی کرا.

ناوەندی هەواڵ

 

بڕیار بوو ئەمڕۆ کاتژمێر ٥:٠٠ی پاشنیوەڕۆ کە سەکۆی ئازادی، لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی شانۆی "پەرچەمی ئاگرین" بۆ ساڵیادی کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە نمایش بکرێت، سەرەڕای بوونی مۆڵەتی فەرمی، بەڵام ئاسایشی سلێمانی ڕێگری لە نمایشکردنی دەکات.

 

ڕێکخراوی نوێگەر بۆ گەشەپێدانی هونەری، کە ڕێکخەری نمایشەکەیە، بەیاننامەیەکی نووسراوی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بە ڕێگرییەکە دا و تیایدا هاتووە، "بانگەوازی بەپەلە بۆ بینەرانی شانۆ و هونەرمەندانی شاری سلێمانی، شانۆی پەرچەمی ئاگرین کە ئەمڕۆ بڕیار بوو کاتژمێر ٥:٠٠ لە پارکی ئازادی نمایش بکرێت، ئەگەرچی موڵەتمان وەرگرتبوو لە بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی گشتی، بەداخەوە ئەمڕۆ پاش نیوەڕۆ بە تەلەفون پێیان ڕاگەیاندین کە شانۆکە قەدەغە کراوە و نابێت نمایش بکرێت".

 

ڕێکخراوەکە لە درێژەی بەیاننامەکەدا ئاماژەی بە ناوەڕۆکی بەیاننامەکە داوە، کە باس لە ژن کوژی و لەناودا کوشتنی ژینا ئەمینی دەکات، دەشڵێن: "سەرەڕای ئیدانەکردنی ئەم ڕفتارە ناشایستەیە، ڕای دەگەیەنین لەبەر ئەو دۆخە نەخوازراوە، لە ئێستادا شانۆکەمان ڕادەگرین، بە هیواین بتوانین لە دەمێکی زوودا پێشکەشتانی بکەین، بۆ ئێستا بە ناوی ستافی شانۆوە داوای لێبووردنتان لێدەکەین".