"سیاسەتی شەڕی تایبەت لە دژی ژنانی کورد بەردەوامە"

پلاتفۆرمی ژنانی ئەنقەرە ڕایگەیاند کە دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە بە شێوەیەکی سەرەکی هێرشەکانی بۆ سەر بزووتنەوەکانی ژنانی کوردو هەموو بزووتنەوەکانی ژنان زیاد کردووە.

ئەنقەرە

 

پلاتفۆڕمی ژنانی ئەنقەرە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی سەبارەت بە سیاسەتی سزانەدان و پاراستنی کردەوەکانی پیاوان، لە یەکێتی خزمەتگوزارییە مەدەنییەکان ئەنجامدا، لە کۆبوونەوەکەدا دروشمی "لەگەڵ سیاسەتەکانی سزانەدان، بکەران لەژێر پاراستندان، ئێمە ڕێگەی پێ نادەین" هەڵواسرا.

 

بە ناوی پلاتفۆرمەکەوە، سیبەل گۆکتاش، ئەندامی پلاتفۆرمەکە، بەیاننامەکەی خوێندەوە و ڕایگەیاند کە ژینا ئەمینی کە لەلایەن هێزەکانی سەر بە ڕژێمی ئێرانەوە کوژرا، خاڵێکی گۆڕانکاری بوو لە خەباتی ئازادی ژناندا و وتی: ژنان دەنگی خۆیان ڕێکخستووە و ئۆپۆزسیۆنی کۆمەڵگەیان بەهێزکردووە، ئەمە تەنها دەستپێک بوو.

 

"ژنان داوای ئاشتی، یەکسانی و دادپەروەری دەکەن"

سیبەل گۆکتاش ئاماژەی بەوەدا کە ژنان لە ئێران چەندین ساڵە دەنگی خۆیان بەرزدەکەنەوە دژی ئەو کێشانەی کە لەسەر بنەمای یاسای حیجاب بەزۆر و نایەکسانی ڕەگەزی دامەزراوە، ئەم ڕاپەڕینە دژ بە توندوتیژی و کۆمەڵکوژی دژ بە ژنان لە ئێران لە گەشەکردندایە و ئەمڕۆش بووەتە دەنگی خەبات و تێکۆشان لە سەرانسەری جیهاندا، هۆکاری توندبوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان ئەوەیە کە ترسیان لەم دەنگە و ڕاپەرینە هەیە.

 

"ژن، ژیان، ئازادی بوو بە دەنگی هاوبەشی هەموو ژنان"

سیبەل گۆکتاش ئەوەی بەبیرهێنایەوە کە خەباتی ئازادی ژنانی کورد لە تورکیا بەشێک بوو لە خەباتی ژنان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە هەموو جیهاندا بیسترا و بوو بە دەنگی هەموو ژنانی جیهان، تێکۆشان بۆ ئازادی ژنانی ئێران و هەموو جیهان لە دەرەوەی سنوورەکان و لەو جوگرافیایەدا کە ژنان لە دژی هێزی نێرینەیی یەکگرتوو دەبن.

 

"هەوڵەکان بۆ ڕێگریکردن لە خەباتی ژنان لە شارە کوردییەکاندا زیادی کردووە"

سیبەل گۆکتاش ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی ئاکەپە و مەهەپە سیاسەتی جەنگی تایبەتی سیستماتیکی لە دژی ژنانی کورد و بزووتنەوە فێمینیستییەکان دەستپێکردووە و وتی: بە تایبەتی لە ساڵی ٢٠١٥ ەوە هێرشەکان و سنووردارکردنی دەوڵەت دژی خەباتی ژنان لە شارە کوردییەکاندا زیادی کردووە، هەروەها هێرشەکانی هەراسانکردن و دەستدرێژیکردنە سەر ژنانی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە زیادی کردووە، تا ئەو ڕادەیەی کە قەیوم بۆ شارەوانییەکانی شارە کوردییەکان دەستنیشان دەکرێن، وەک دەستپێکێک، کۆمەڵەکانی ژنان و سەنتەرەکانی پشتیوانی شارەوانی دەگرنە دەست.

 

"سیاسەتی شەڕی تایبەت لە دژی ژنانی کورد بەردەوامە"

سیبەل گۆکتاش لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: بکوژی گولستان دۆکو، کە لە ٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ لە دێرسیم ونبوو، زەینال ئاباراکۆڤە و باوکی پۆلیسە، ئەمە ڕێکەوت نییە. تاوانبارەکەی ئیپەک ئەرە موسا ئۆرهانە و هێشتا دەستگیر نەکراوە، ئەمە ڕێکەوت نییە، بکەری فیردەوس باباد، کە لە ١٨ی ئابی ٢٠٢٢بێسەروشوێن بوو و دوای دەستدرێژیی کوژرا، پاسەوانێکی گوندە و ئەمە ڕێکەوت نییە، دەسەڵاتی دادوەری تورکیا پارێزگاری لە بکوژی ژنان دەکات، سیاسەتی شەڕی تایبەت لە دژی ژنانی کورد بەردەوامە هەروەها لە ڕۆژئاوای تورکیا، پیاوانی تاوانبار بە هۆکاری جۆراوجۆر ئازاد دەکرێن، بکەرانی توندوتیژی دژ بە ژنان بەبێ سزا دەمێننەوە و دەوڵەت پارێزگارییان لێدەکات، ئێمە سەلامەت نین، پێویستە تێکۆشان لە دژی ئەم توندوتیژییە ڕێکخراوە زیاد بکەین و لەگەڵ ژناندا بین.