ئیتاڵیا "ڕەگەزنامەی فەخری" بە وریشە، پەخشان و شەریفە دەبەخشێت

شارەوانی جێسی ئیتالیا ڕەگەزنامەی فەخری بەخشییە وریشە مورادی، پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی کە لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی "کەمپینی ئازادی بۆ وریشە مورادی"، ئەنجومەنی شاری جێسی ئیتالیا ڕەگەزنامەی فەخری بە وریشە مورادی، پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی بەخشی کە لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا.

 

ڕێوڕەسمەکە ڕۆژی ٣٠ی ئەیلوول بەڕێوەچوو، لە ڕاگەیەندراوی شارەوانیدا هاتووە: ئەم سێ ژنە بە تاوانی بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادی دەستبەسەر کراون و سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا، ئەم بڕیارە هێمای پەیامی پشتیوانی گەلی ئیتالیایە بۆ بەرگریکارانی ئازادی و دژی سەرکوت و سزای نامرۆڤانە لە ئێران.