بێریڤان عومەر: ژنان پارێزەری سروشتن

بێریڤان عومەر، وتەبێژی یەکێتی شارەوانییەکانی کانتۆنی جزیرە، جەختی لەوەکردەوە کە ژنان لە هەوڵی دروستکردنی هاوسەنگی لە نێوان شارنشینی و بیناسازی و سروشتدان بۆ پاراستنی ژینگە، ژنان گەورەترین پارێزەری سروشتن.

ڕۆنیدا حاجی 

 

حەسکە – پاکوخاوێنی ژینگە ڕەنگدانەوەی وێنەی شارستانیەت و خەمی ئەو ژینگەیەی کە تێیدا دەژین، بە پاراستنی ئێمە بەشداری دەکەین لە باشترکردنی کوالیتی ژیان و پاراستنی تەندروستی مرۆڤ، کە ئەمەش پێویستی بە هاوکاری هەمووانە لە چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە. 

 

بێریڤان عومەر، وتەبێژی یەکێتی شارەوانییەکانی کانتۆنی جزیرە، سەبارەت بە گرنگی پاراستنی ژینگە و ڕۆڵی بەڕێوەبەرانی هەرێم لەم بوارەدا بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد. 

 

"ژنان هەوڵدەدەن هاوسەنگییەکی ژینگەی دروست بکەن" 

بێریڤان عومەر ڕایگەیاند، سیستمی سەرمایەداری ژیانی مرۆڤی خنکاندووە و ژنانیش هەوڵی دروستکردنی هاوسەنگی دەدەن لە دژی، وتی: بە درێژایی مێژوو، وەک چۆن دەسەڵات بەسەر سروشت و ژندا تێکەڵاو بووە، ژن و سروشت لەیەکتر جیا ناکرێنەوە، ژنان پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ سروشت هەیە و لە کایەی سیاسیشدا ژن وەک گەورەترین پارێزەری سروشت دەبینین، لە کارەکانماندا وەک پێسەنگە ناوخۆییەکان هەوڵدەدەین هاوسەنگییەک لە نێوان شارنشینی و بونیادنان و سروشتدا دروست بکەین، چونکە ژیانی سەرمایەداری و بونیادنانی شارە گەورەکان ژیانی هاوڵاتیانی تێکداوە و قەیرانی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، هەر لەبەر ئەم هۆکارە ئێمە و بەتایبەت فەرمانگەی ژنان هەمیشە هەوڵدەدەین لە کارەکانی شارەوانیدا شوێنی سەوزایی و پاکوخاوێنی و هتد زیاد بکەین. 

 

"سیستەمی هاوسەرۆکایەتی دەسەڵاتی بە ژنان داوە بۆ بڕیاردان" 

بێریڤان عومەر ئاماژەی بەوەشکرد، سیستمی هاوسەرۆکایەتی و نوێنەرایەتی ژنان لە ئەنجومەنی شارەوانیدا، بڕیاردانی ژنانی بەهێزتر کردووە و بەم شێوەیە درێژەی بە قسەکانی دا: لە ساڵی ٢٠١٢ وە بەتایبەتی لەگەڵ دامەزراندنی خۆبەڕێوبەری، بەشێکی زۆر لە ژنان پاڵپشتی پەرەپێدانی سەوزایی و سروشت و پاکوخاوێنییان کردووە، هەوڵەکانیش هێشتا بەردەوامن، سیستەمی هاوسەرۆکایەتی و نوێنەرایەتی ژنان لە ئەنجومەنی شارەوانییەکان دەسەڵاتی بڕیاردانی بە ژنان بەخشیوە و وایکردووە کاریگەر بن، کاتێک لە ئەنجومەنی شارەوانیدا باس لە پرسێک دەکرێت، کە ژنان زۆرینەی پێکدەهێنن، ئەوا هەمووان لە ژێر کاریگەری ژناندان. 

 

"بڕیارەکانی ژنان کاریگەر و سوودبەخشن" 

بێریڤان عومەر لە وتارەکەیدا، جەختی لەوە کردەوە، کە ئەو بڕیارانەی ژنان دەیدەن کاریگەر و سوودبەخشن، وتی: کاتێک ژنان بڕیار دەدەن، کاریگەرییەکانیان لەسەر داهاتووی ژنان و منداڵان شی دەکەنەوە، دواتر جێبەجێی دەکەن، ئەمەش بە پێچەوانەی ئەو بڕیارانەیە کە لەلایەن ئەو پیاوانەوە دەدرێن کە تەنها خەمی لایەنە تەکنیکییەکانی بونیادنانیانە، بۆیە لە سیستمی هاوسەرۆکایەتیدا ئەمە بە بوونی ژنان دەپارێزرێت کە لە ٥٠٪ی پۆستەکانی ناو ئەنجومەنی شارەوانییەکان داگیر دەکەن. 

 

"بوونی ئەنجومەنی ژنان و پلاتفۆرمی ژینگەی ژنان گرنگە" 

بێریڤان عومەر ئاماژەی بەوەشکرد، گرنگی بوونی ئەنجومەنی ژنان و پلاتفۆرمی ژینگەپارێزی ژنان لەناو یەکێتی شارەوانیەکان گرنگە، وتی: ئەنجومەنی ژنان لە چوارچێوەی یەکێتی شارەوانیەکان دامەزرا و فەرمانگەکانی بەجۆرێک ڕێکخرابوو کە پڕۆژەکانی ژنان لەسەر بنەمای بۆچوونی ژنان بن و هاوتەریب بن لەگەڵ پێداویستییەکانی کۆمەڵگە، بۆ ئەوەی بتوانن شارەکانیان بە جوانی و پاک ڕابگرن و بڕیاری کاریگەر بدرێن، بۆ پاراستنی سروشت زۆرجار بوونی ژنان بڕیارێکە لەسەر بنەمای پاراستنی سروشت و باوەڕیان بە پێکەوەژیانی هەموو زیندەوەران کە ڕێگە بە پاراستنی ژینگە دەدات. 

 

"شارەوانی یەکێکە لە دامەزراوە یەکەمەکانی سیستەمی خۆبەڕێوبەری" 

بێریڤان عومەر جەختی لەوە کردەوە، کە شارەوانییەکان کار و چالاکی گرنگ بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە، ئەنجام دەدەن، وتی: لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆبەڕێوەبەرییەوە شارەوانییەکان یەکێک بوون لە یەکەمین دامەزراوەکان کە بۆ دامەزراندنی سیستەمی خۆبەڕێوەبەری دامەزرا، سیستەمی خۆبەڕێوبەری بنەمای شارەوانییە، لە یاساکەدا، کە لە ساڵی ٢٠٢٤ دەرچووە، لە ماددەی چوارەمدا هاتووە کە خۆبەڕێوەبەری پشتگیرییەکی بەرفراوان بۆ دەسەڵاتە ناوخۆییەکان دەکات، بۆیە تا ئەرکەکانیان بەرفراوانتر بێت، زیاتر کار و تێکۆشان بۆ کۆمەڵگە دەکەن، لەو یاسایانەی دەرچووە، کاتێک شارەوانییەک پڕۆژەیەک پێشنیار دەکات، پێویستە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ هەموو تاک و شارەوانی و کۆمینەکان و ئەنجومەن و ڕێکخراوەکان ئەنجام بدرێت و بەو پێیە جێبەجێی بکەن، هەروەها ڕۆڵ و ئەرکی حکومەتە ناوخۆییەکان خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانی پەرەپێداوە و باشتریان کردووە. 

 

"هاوڵاتیان کارەکانی شارەوانییەکان سەرکەوتوو دەکەن" 

بێریڤان عومەر ئاماژەی بەوەدا، کە متمانە بە حکومەتە خۆجێیەکان زۆر پێویستە، وتی: دەبێت هاوڵاتی بەشداربێت لە کارەکانی شارەوانیدا، ئەگەر ئێمە پاڵپشتی و بەشداریی هاوڵاتیان لە پرۆژەکاندا بەدەست نەهێنین و بەشداری نەکەین، چۆن کار دەکەین، ئێمە ناتوانین سەرکەوتوو بین و بەپێی پێویستی ئەو شارە کاربکەین، دەبێت بنەمایەک هەبێت بۆ دروستکردنی متمانە لە نێوان حکومەتە خۆجێییەکان و دانیشتوانی ئەو ناوچەیە کارکردن لە شارەوانی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی کە هاوڵاتیان داویانە. 

 

"پاراستنی ژینگە پێویستییەکی بنەڕەتییە" 

بێریڤان عومەر لە کۆتای قسەکانیدا، داوای پاراستنی ژینگەی کرد و ڕایگەیاند، کە ژینگە پێویستییەکی بنەڕەتییە بۆ تەندروستی، جگە لەوەش پاراستنی ژینگە بۆ گەشەسەندنی شارستانیەت زۆر پێویستە.