سۆزان حەسەن کێبڕکێ لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی شارەوانی کفری دەکات
بۆ یەكەمجارە لە مێژووی کفریدا ژنێک کێبڕكێ لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی شارەوانی بکات، ئەگەر ڕێگری لێنەكرێت.
هاوژین شکور
گەرمیان- هەبوونی ژنان لە پۆستەکانی بەڕێوەبردندا، توانایی بەڕێوەبردن، خزمەت، سەقامگیری و ئاشتی دەچەسپێنێت، لە کاتێکدا ئەو ژنە خاوەن ئەقڵێکی ژنانەی بەڕێوەبردن بێت، لەمڕۆدا کێبڕکێکان بۆ وەرگرتنی پۆستە باڵاکان لەنێوان ژن و پیاودا قوڵ بووەتەوە، چونکە لەلایەن ژنان توانایی خۆیان سەلماندووە کە دەتوانن بەڕێوەببەن، لەلایەکی دیکەوە ئەقڵیەتی پیاوسالاری و دواکەوتووی کۆمەڵگە متمانەیان بە ژنان نییە تا هەڵیانبژێرن و بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردن و ئەرکیان بخەنە سەرشان.
یەکێک لە نمونەی ئەو ژنانەی بۆ سەلماندنی ئیرادە و توانای بەڕێوەبردن لە کێبڕکێدایە، سۆزان حەسەن فەرەجە، کە بەرامبەر دوو پیاو کێبڕکێی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکی شارەوانی کفری دەکات.
سۆزان حەسەن فەرەج لەدایکبووی شاری کفرییە لە ئیدارەی گەرمیان، قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی لە کفری تەواو کردووە و دەرچووی زانکۆی دهۆکە، سۆزان لە ئێستادا فەرمانبەرە لە سەرۆکایەتی شارەوانی کفری و کاندیدی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکی شارەوانییەکەیە.
"ژنان دەتوانن بەڕێوەبردن بکەن و ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن"
سۆزان حەسەن فەرەج، ئەزموونی ١١ ساڵ کارکردنی هەیە لە شارەوانی سلێمانی، ماوەی ٦ ساڵە لێپرسراوی بەشی موڵکایەتی زەوی و زارە، بە نوژنهای ڕاگەیاند لە کاتی هەڵبژاردنی سەرۆکێك بۆ سەرۆک شارەوانی کفری، سیڤی پێشکەشکردووە، "هیچ ڕێگرییەکی یاسایی لەبەردەممدا نییە، بەڵام ڕەنگە ئەقڵیەتی کۆمەڵگە بەڕادەیەکی زۆر بڕوای بەتوانای ژن نەبێت و پێیان وابێت پیاو باشتر خزمەت دەکات لەکاتێکدا زۆر ژنی سەرکەوتوو هەیە لە بوارە جیاوازەکاندا، ئەگەر ڕێگریم نەكەن دەرفەتی ئەوەم پێبدرێت کە ئەرکی سەرۆکی شارەوانی بکەوێتە سەرشانم، هەموو توانای خۆم بۆ بەڕێوەبردن دەخەمەگەڕ".
سەبارەت بەوەی ئەگەر هەڵبژێردرا یەکەم کاری چی دەبێت، سۆزان حەسەن وتی: "نامەوێت بەڵێنێک بدەم و دواتر نەتوانم جێبەجێی بکەم، بەڵام بە هەموو توانامەوە وەکو ژنێک هەوڵدەدەم بۆ خزمەتکردنی شاری کفری بێ جیاوازی نێوان چین و توێژەکان"، لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە خزمەتکردن بەندە بە توانای مرۆڤ خۆیەوە، "ئەوەی ماوەتەوە ئەوەیە کە گەر ببم بە سەرۆكی شارەوانی كفری بە خزمەتكردنم لەم شارۆچکە دێرینەدا دەیسەلمێنم کە ژنیش دەتوانێت باشترین بێت لە بەڕیوەبردن و خزمەتكردندا".
بڕیارە ئەمڕۆ، ٣ی تەمموز پۆستی سەرۆکی شارەوانی کفری لەنێوان سێ ڕکابەردا کە یەکێکیان ژنە، سۆزان حەسەن فەرەج، یەکلایی ببێتەوە.