CPT زیانە گیانییەکانی ئۆپەراسیۆنی چنگی قفڵی لە باشووری کوردستان بڵاوکردەوە
لە ڕاگەیەندراوێکدا تیمی کوردستانی عێراقی CPT زیانە گیانییەکانی ئۆپەراسیۆنی چنگی قفڵی دەوڵەتی تورکیای بۆ سەر باشووری کوردستان بڵاوکردەوە، تێیدا ٥ ھاوڵاتی مەدەنی، لە ناویاندا سێ منداڵ شەھید بوون و ١٥ ھاوڵاتی تری مەدەنی بریندار بوون.
ناوەندی هەواڵ
١٧ی نیسان دەوڵەتی تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی بە ناوی چنگی قفڵ بۆ سەر باشووری کوردستان و بەتایبەت ناوچەکانی شیلادزێ، ئامێدی، دێرەلوک و چیای کورەژارۆ دەستپێکرد، ئامانجی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا داگیرکردنی باشووری کوردستان و فراوانکردنی دەسەڵاتییەتی لە ناوچەکەدایه، بەڵام پیلانەکانی دەوڵەتی تورکیا بە بەرخۆدانی گەریلاکانی ئازادی لە چیاکان تێکشکا و سوپای دەوڵەتی تورکیا زەبری گەورەی بەرکەوت و نەیتوانی ئامانجەکانی بپێکێت.
تیمی كوردستانی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی-CPT لە ڕاگەیاندراوێكی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە زیانە گیانیەكانی ئۆپەراسیۆنی چنگی-قفڵ ژمارەی بەرکەوتووانی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیایان لە ماوەی نێوان ٢١ی ئایار بۆ ٢١ی حوزەیران بڵاوکردەوە کە بەھۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەكەی توركیا لە خاكی ھەرێمی كوردستاندا، ٥ ھاوڵاتی مەدەنی، لە ناویاندا سێ منداڵ شەھید بوون و ١٥ ھاوڵاتی تری مەدەنی بریندار بوون.
لەدوای ھێرشە ئاسمانیەكەی ٢١ی ئایاری توركیا بۆ سەر گوندی تووتەقەڵ لە قەزای چەمچەماڵ و شەھیدكردنی دوو ھاوڵاتی مەدەنی، لە ئێستادا ٨ خێزان لە كۆی ١٠ خێزان، گوندەكەیان لە ترسی بۆردوومانكردن بەجێھێشتووە.
دەوڵەتی تورکیا بارەگای دیکە زیاد دەکات
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی چنگی-قفڵ'دا، توركیا چوار بارەگای سەربازی لە ناوچەكانی ئاڤاشین و زاپ دروستكردووە و لە ١٦ی حوزەیران'یشەوە سەرقاڵی دروستكردنی بارەگایەكی تری سەربازین، لەسەر چیای كوڕەژارۆ لە ناحیەی شیلادزێ.
لە ڕاگەیەندراوەکەی CPT دا هاتووە، بە پشت بەستن بە شیكردنەوەی جوگرافیای شوێنی ڕووداوەكەی ٢٦ی ئایار لە بامەرنێ، كە ٣ منداڵ لەو ھێرشەدا شەھیدبوون، توركیا لایەنی ئەنجامدەری ئەو ھێرشەیە، هەروەها سەربازانی توركیا، لە بنكە و بارەگا سەربازییە نوێیەكانیانەوە، تۆپبارانی گوندە مەدەنی نشینەكان دەكەن و ڕۆژانە تەقەی ڕاستەوخۆ بە ئاراستەی گوندەكاندا دەكەن، بەجۆرێك بەتەنیا لە ماوەی سێ ڕۆژدا و لە ١٥ی حوزەیران تاوەكو ١٧ی حوزەیران، ٥ ھاوڵاتی مەدەنی گوندەكانی پەرەخێ لە دەركار و كێستە لە كانی ماسێ بەھۆی دەستڕێژی سەربازانی توركیا و تۆپبارانی سوپای توركیاوە، برینداربوون.
بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر دەربارەی زیانە گیانییەکان چیرۆکی بەرکەوتووانی بۆردوومانەكانی ئەم دواییەی دەوڵەتی توركیا، کلیک بکە