هەڵەبجە، لە سیمینارێکدا بڕیاری ١٣٢٥ی ئەنجومەنی ئاسایش تاووتوێ کرا

لەبارەی بڕیاری ١٣٢٥ی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ پاراستنی ژنان هۆشداری دەدرێت و هەوڵی کەمکردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان و منداڵان دەدرێت.

هەڵەبجە

 

دوێنێ ١ی تەمووز لە سەنتەری گەشەپێدانی چالاکی لاوان لە شاری هەڵەبجە ڕێکخراوی لانەی منداڵانی کوردستان سیمینارێکی بۆ پارێزەر، دێرین ئاسۆ ڕێکخست تا تێیدا پرۆژەی ١٣٢٥ی ئەنجومەنی ئاسایش تایبەت بە ژنان بناسێنێت.

 

لە سیمینارەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە ژنان بەشداریان تیداکرد، کەوسەر بەشیر، سەرپەرشتیاری پرۆژەکە تایبەت بە نوژنها وتی: ئەم پرۆژەیە پرۆژەی پاراستنی مافی ژنان و کچانە لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە و شارەدێکانی دەوروبەری کە مەبەستمانە ژنان هۆشیار بکەینەوە، لەو سیمینارانەدا چەند پرۆژەیەک بۆ ژنان دەخەینەڕوو، سێ مانگی دووەمی پرۆژەکە تایبەتە بە گەنجان و لە قوتابخانەکاندا پێشکەش دەکرێت کە مەبەستی زیاتر هۆشیارکردنەوەی گەنجان و ژنانە لەسەر پرۆژەی ١٣٢٥ی ئاسایشی نیشتمانی تایبەت بە ژنان.
 

دێرین ئاسۆ، پارێزەر، لەبارەی بڕیاری ١٣٢٥ەوە بۆمان دوا و وتی: ئەم پرۆژەیە لە ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٠ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەندامانی ئەنجومەنەکە دەریانکرد، تایبەت بوو بە پاراستنی ژن لە کاتی جەنگدا، بەهۆی ئەوەی  قوربانیانی یەکەم ژنان و منداڵانن بۆ پاراستنی ژنان ئەم بریارە دەرکراوە، بۆ ئەوەی بە کۆتایی هاتنی جەنگ ژنان بە کەم سەیر نەکرێن و شەرم لەوە نەکات کە توندوتیژیان بەرامبەر کراوە، نمونەش ژنانی ئێزدییە کە تەنها ئەم بڕیارەیان بەس نییە و دەبێت چەندین بڕیاری دیکە لەسەر ئەو بنەمایە دابمەزرێت.

 

ئەم پرۆژەیە لە چوارچێوەی کەمکردنەوەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان و منداڵان ڕێکخراوە، بڕیارە چەندین سیمینار لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان پیشکەش بکرێت بۆ هۆشیارکردنەوەی زیاتری کۆمەڵگە و پاراستنی منداڵان لە دەستدرێژی و توندوتیژی.