ئەمنستی: لە هەفتەیەکدا ٨٢ هاوڵاتی لە ئیران کوژراون
ڕێکخراوی ئەمنستی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرایدەکات، لە هەڵمەتێکی خوێناویدا هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە نایاسایی ٦٦ کەسیان کوشتوە کە منداڵیشیان تێدابووە و سەدانی دیکەشیان بریندار کردووە.
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی ئەمنستی ڕۆژی ٦ی تشرینی یەکەم راگەیەندراوێکی لەبارەی ژمارەی کوژراوەکانی شاری زاهیدان و هەرێمی سیستان و بەلووچستان بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوەکرد، لە ٣٠ی ئەیلوولەوە تا ئێستا لە زاهیدان، بەلووچستان و سیستان زیاتر لە ٦٠ کەس لە لایەن پۆلیسەوە کوژراون، نزیکەی ١٦ هاوڵاتیی دیکە بەهۆی قەرەباڵغی زۆری خۆپێشاندانەکانەوە گیانیان لەدەستداوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمنستی-دا هاتووە: "رۆژی ٣٠ی ئەیلولی ٢٠٢٢ کە لەلایەن هاوڵاتیانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە بە "هەینی خوێناوی" ناوبراوە، زۆرترین هاوڵاتی تێیدا کوژرا".
ئاگنێس کاڵامارد، سکرتێری گشتیی رێکخراوی ئەمنستی دەڵێت، "بەرپرسانی ئێران بەردەوامن لەوەی هیچ ڕێزێک بۆ گیانی مرۆڤ دانەنێن و بۆ مانەوە لە دەسەڵات لە هیچ شتێک ناوەستن، ئەو تووندوتیژییە بێویژدانانەیەی ئێران کە هێزەکانی ئاسایشی ئێران دەیکەن شاراوە نییە، بەڵکو ئەوە هۆکاری بێدەنگی و کەمیی کاردانەوەیە لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە."
ئاگنێس، هەڵسوکەوتی ئێران لەگەڵ خۆپێشاندەران بە "قێزەون" ناودەبات و ئاماژەی بەوەکرد کە ئێران لە خۆپێشاندانەکانی ساڵی ٢٠١٩ش سەدان هاووڵاتی بەبێ هۆ کوشت، بەڵام هێشتا لە کوشتنی هاووڵاتییان بەردەوامە، تەنیا رێگە بۆ وەستاندنی ئێران لەو رەفتارانە ئەوەیە، نەتەوەیەکگرتووەکان بەزووترین کات ئەنجوومەنێکی بێلایەنی لێکۆڵینەوە بۆ سزادانی ئێران بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی دروست بکات.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، بەڵگەکان ئەوە ئاشکرا دەکەن کە چەندین قوربانی کوژراو لە کاتی ڕووداوەکەی موسەڵادا لە پشتەوەی سەریان یان ڕووبەڕوو تەقەیان لێکراون لەو کاتەی کە ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بوونەتەوە.