نەجیبە قەرەداغی: ئەرکی هەموومانە داکۆکیی لە تێکۆشانی ناگیهان ئاکارسەل بکەین

ئەندامێکی ئەکادیمیای ژنۆلۆژیی ڕایدەگەیەنێت، شەهید ناگیهان ئاکارسەل لەدوای خۆی خەزێنەیەکی گەورەی بەجێهشتووە و "ئەرکی هەموومانە خاوەنداریی لە تێکۆشانی ناگیهان و هەموو ژنانی ئازادیخواز بکەین".

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ مەراسیمی پرسەی شەهید ناگیهان ئاکارسەل، ئەندامی کۆمیتەی ژنۆلۆژیی لە شوێنی تیرۆرکردنەکەی لە گەڕەکی بەختیاریی شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.

 

نەجیبە قەرەداغیی، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژیی لە مەراسیمەکەدا وتارێکی پێشکەشکرد و باسی لە ژیان و تێکۆشانی شەهید ناگیهان ئاکارسەل کرد.

 

نەجیبە قەرەداغی ئاماژەی بەوەکرد، کە "هەڤال زیلان یەکێک بوو لەو کەسانەی کە بەردی بناغەی ویژدانییانەی داڕشت لە شۆڕشی کوردستاندا، چەندین ساڵ لە کاری ڕۆژنامەگەرییدا بەدوای هەقیقەتدا گەڕا و هەوڵیدا ئەو تەمومژەی لەسەر هەقیقەت هەیە لایببات، بۆ ئەوەی مرۆڤەکان باشتر و جوانتر بەها ئەخلاقییەکان ببینن".

 

وتیشی:"هەموو هەوڵەکانی هەڤاڵمان ناگیهان ئاکارسەل ئەوەبوو، کە یادگایەکی مێژوویی تۆکمە بگەیەنێتە هەموو کۆمەڵگە، کە ئێمە لەدەستمان داوە وەکو ژن و کۆمەڵگە، چونکە هەمیشە پێیوابوو کە ژنی کورد و کۆمەڵگەی کورد شایەنی ئەوەیە خاوەنی ئەرشیف و مێژووی خۆی بێت".

 

باسی لەوەشکرد، کە شەهید ناگیهان ئاکارسەل خەزێنەیەکی گەورەی لەدوای خۆی بەجێهێشتووە و وتی:"خاوەنداریکردن لەو خەزێنەیە ئەرکی هەموومانە، ئەرکی هەموومانە داکۆکیی لە تێکۆشانی ناگیهان ئاکارسەل و هەموو ئەو ژنانە بکەین، کە لەپێناو ئازادییدا خوێنیان ڕژاوە".

 

پرسەکە بە وتنەوەی دروشمی "ژیان ژیان ئازادی و شەهید نامرێ" کۆتایی پێهات و بڕیارە سبەینێ بە سەرپەرشتی دەستپێشخەری ژنانی باشوری کوردستان مەڕاسیمی ماڵئاوایی لە شەهید ناگیهان ئاکارسەل لە کاتژمیر ١ی پاشنیوەڕۆ لە هۆڵی "ئەجێ خان" لە گەڕەکی ئاشتی بەڕێوەبچێت.