هانا شوان: پێکەوە درێژە بە ڕێبازی شەهید ناگیهان ئاکارسەل دەدەین
ژنانی باشووری کوردستان هاوخەمی خۆیان بۆ شەهیدکردنی ناگیهان ئاکارسەل دەربڕی، چالاکوانێکیش بەڵێنی درێژەدان بە ڕێ و ڕێبازی شەهید ناگیهانی دووپاتکردەوە.
سلێمانی
دوێنێ، ٧ی تشرینی یەکەم لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی و لە شوێنی تیرۆرکردنی، پرسەی شەهید ناگیهان ئاکارسەل، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی، بە بەشداری ژنان و ئازادیخوازان ئەنجامدرا، لە پرسەکەیدا ژنان دروشمی "ژن- ژیان- ئازای"یان دەوتەوە.
ژنانی ڕێکخراوەکانی ژنان و چالاکوانان، نووسەر و ڕۆشنبیر و توێژەکانی هەرێمی کوردستان بەشداریان لە پرسەکەیدا کرد، هاوخەمی خۆیان بۆ شەهیدکردنی دەربڕی و بەڵێنی درێژەپێدان بە ڕێبازی شەهید هەڤاڵ زیلانیان دوپاتکردەوە، ژنان پێیانوایە تیرۆرکردنی شەهید ناگیهان نابێتە هۆی بێدەنگکردنی ژنانی ئازادیخواز، بەڵکو ئامانجی ژنان زیاتر دەکات بۆ گەیشتن بە ئازادی و تەواوکردنی ڕێبازەکەی.
هانا شوان، چالاکوان، ئاماژەی بەوەکرد ناگیهان ئاکارسەل، ئەزموونێکی سەختی سیاسی و زیندانی سیاسی هەبوو، کاتێک تیرۆرکراوە، مانای وانییە کارەکانی و خەبات و تێکۆشانەکانی تیرۆرکراوە بە پێچەوانەوە تێکۆشانەکانی بە نەمری دەمێنێتەوە، هیوای تەمەن درێژەی بۆ هەڤاڵەکانی دیکەی دەخوازێت.
هانا شوان لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی نوژنها، وتی: لە چەندین گفتوگۆدا بەریەکەوتنمان هەبووە، زۆرکات کۆک بووین لەسەر بابەتە جیاوازەکان و هەندێک کات ناکۆک بووین، بەڵام ئەمە لای هەڤاڵ ناگیهان بە هێمنی تێدەپەڕی"، ڕوونیکردەوە ژنان لە ئێستادا ئەقڵێکی گەورەیان لەدەستداوە، بۆیە پێویستە هەوڵ بدرێت بە چەندین شێواز جێگەی بگیرێتەوە و ڕێبازەکەی بەردەوام بکەن.
باسی لەوەشکرد، ڕێکخراوەکانی ژنان دەتوانن بە پشتگیریکردنی یەکتر و کارکردن درێژە بە میراتەکەی هەڤاڵ زیلان بدەن، هانا شوان دەڵێت "لە پاش شەهیدکردنی ناگیهان ئاکارسەل بەڵێنم بە هەڤاڵانی داوە زیاتر بە هاوبەشی کاربکەین بۆ درێژەدان بە خەباتی ناگیهان ئاکارسەل".