ئەفغانستان، ژنانی دانیشتووی کابول ترسیان لە داهاتووی ژێر دەسەڵاتی تاڵیبان هەیە
بی بی سی لە کابول لەگەڵ ژنێک قسەی کردووە کە نزیکەی دوو ساڵ کاری بۆ حکومەتی ئەفغانستان کردووە، تا هەفتەی ڕابردوو، باسی ئەزموونی خۆی کرد کاتێک تاڵیبان دەستی بەسەر کابولدا گرتووە و ترسی لە داهاتوو هەیە.

ناوەندی هەواڵ
ئەو ژنە باسی لەوە کردووە ڕۆژی یەک شەممە بە ترسناکترین رۆژی ژیانی دادەنێت، وەها دەڵێت: بەیانیەک چووم بۆ نوسینگەکەم بۆ کارکردن، تەنها ژنێک کە بینیم پاسەوانی ئاسایش بوو لە دەروازەکە، ژمارەیەکی زۆر کەمی خەڵک لەوێ بوو ئەوەش ئاسایی نەبوو، تاڵیبان لە دەروازەکانی شارەکەدا بوون، خەڵکی دەترسان، بەڵام باوەڕم نەدەکرد چەکدارەکان بتوانن بچنە ژوورەوە.
لە دەوروبەری نیوەڕۆ نوسینگەکەم بەجێم هێشت، شەحنی مۆبایلەکەم و چەند دۆکیومێنتێکی شەخسیم برد لەگەڵ خۆم، چووم بۆ بانکەکە بۆ ئەوەی بڕێک پارە بکشێنمەوە وەک هەموو کەس هەوڵی دەدا تا ئەو ڕادەیەی کە دەیتوانی پارە وەربگرێتەوە، بەڵام ڕیزەکە زۆر درێژ بوو بارودۆخەکە توندی پێوە دیار بوو.
کاتێک چوومە ناو بانکەکەوە، تێبینیم کرد کە چەندین پەیوەندیم پێوەکراوە لەلایەن دایکم و خوشک و براکەم، هەستم بە ترسێک کرد، وەک ئەوەی شتێک ڕوویدابێت، پەیوەندیم بە دایکمەوە کرد و بە شڵەژانێکەوە پرسیاری کرد لەوەی لە کوێم و چی دەکەم، داوای کرد بە پەلە بگەڕیمە ماڵەوە چونکە تاڵیبان لە ڕۆژئاوای شارەکەدان، لەو کاتەدا هەستم بە ترس و نیگەرانییەکی زۆر کرد.
ئەو ژنە کە ناوی ئاشکرا نەکراوە، باسی لەوەکردووە، هەموو کەس ڕایان دەکرد، دوکاندارەکان دەرگاکانیان داخست و هەموو کەس هەوڵیان دەدا بگەنە ماڵەوە، براکەم تەلەفۆنی کرد بۆ ئەوەی بڵێت دێت هەڵمئەگرێت بەڵام ڕێگاکان بەهۆی هاتووچۆوە هەمووی داخراون، دەستم بە ڕۆشتن کرد و تەنانەت هەوڵم دا تاکسییەک بدۆزمەوە لە ڕێگادا، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکم دەبینی کە ڕایان دەکرد، زۆر دەترسام کە تاڵیبان بمکوژن کە بە جلی کارکردنەوە بمبینن.
دوای نزیکەی دوو کاتژمێر، گەیشتمە ماڵەوە، هەموو گیانم دەلەرزی و نەمدەتوانی لەگەڵ کەس قسە بکەم، ڕۆژێک بوو کە هەرگیز بیرم ناچێتەوە، هەموو شەوم بە ترسەوە بەسەربرد، وامدەزانی لەوانەیە کەسێک بێت و لە دەرگاکەمان بدات.
هەموو کەسێک بە دوایی شوێنێکدا دەگەرێت خۆیانی تێدا بشارنەوە دەمەوێت هەڵبێم بۆ ماڵی خزمێکم بەڵام دەترسم لە ڕێگادا تاڵیبان بمگرن، بەس لە ئێستادا کەمێک هەست بە سەلامەتی دەکەم چونکە نازانن کە من کارم بۆ حوکمەت کردووە.
ئەو کارمەندە دەڵێت: تاڵیبان وتیان کە ناچنە ناو ماڵی خەڵکەوە بەڵام ناتوانین باوەڕیان پێ بکەین، دەترسم کاتێک ئەوان لە تەلەڤزیۆندا دەبینم - هەست بە خەمێکی زۆر دەکەم.
ئێمە دڕندەیی ئەوانمان بینیوە، چۆن دەتوانین باوەڕیان پێ بکەین؟ من ناتوانم لە کاتی شەودا بخەوم بەهۆی ترسەوە، من چاوەڕێی ڤیزایەکم بۆ جێهێشتنی وڵات بەڵام کاتەکەی نادیارە، ئەگەر من لە ئەفغانستان بمێنمەوە، ڕێگەم پێ دەدەن کار بکەم؟ ناتوانم باوەڕیان پێبکەم، داهاتووی خۆم لە ئەفغانستان بە سەلامەتی نابینم.
سەرچاوە: بی بی سی
ت.پ