چوارەمین کۆنفرانسی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان لە کەرکوک بەسترا
لە پاش چوارساڵ کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان چوارەمین کۆنفرانسیان بەست و سیستەمی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی گەلانیان بۆ باشووری کوردستان پەسەند کرد.
هەوار محەمەد
کەرکوک- دوێنی ٢١ی مانگ، ژنانی گەنجی تێکۆشەر و کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان چوارەمین کۆنفرانسی خۆیان بە دروشمی "بە هزری ڕێبەر ئاپۆ، بە ڕێکخستن دەبین و خیانەت و داگیرکاری لە ناو دەبەین" بە ئامادەبوون و بەشداربوونی ٢٠٠ ئەندام لە شاری کەرکوک، بەست.
بەستنی کۆنفرانسەکە بە وەستانی خولەکێک بۆ گیانی پاکڕەوانی کوردستان دەستیپێکرد و دواتر ڕەشنوسی پەیماننامەی کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان لەلایەن ئەندامێکی کۆمەڵەکەوە خوێندرایەوە.
لە کۆنفرانسەکەدا تارا حسێن، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، وتارێکی دەربارەی دۆخی سیاسی جیهانی، هەرێمی و بەتایبەت باشوری کوردستان پێشکەشکرد، ئاماژەی بەوەدا کە لە ئێستادا باشوری کوردسان و گەلی باشور لە بەردەم بارودۆخێکی هەستیاردایە و گەنجان پێویستە لە هەمبەر ئەو ڕەوشەدا هۆشیاربن، لە خۆپەروەردەکردن و ئامادەباشیدا بن بۆ ئەو بارودۆخەی لە ساڵانێکی زۆر نزیکدا بەسەر کوردستاندا دێت و خۆیان و کوردستان بپارێزن.
لە بەشێکیتری وتارەکەیدا تارا حسێن ئاماژەی بەوەشدا کە چۆن سیاسەتی باشوری کوردستان کار لەسەر بێ کاریگەرکردنی گەنجان دەکات، لە ڕێگەی نائومێدکردن و بێهیواکردنی گەنجان و ناچارکردنیان بە کۆچ کردن بۆ دەرەوەی کوردستان و کردنەوەی دوکانی نێرگەلەکان، لەبەرامبەر ئەوەدا پێویستە گەنجان و ژنانی گەنج خۆیان بپارێزن لەو سیاسەتە و نەکەونە ژێر کاریگەری دەسەڵاتی حکومرانی سەرمایەدارییەوە، جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویستە ژنان و گەنجان بڕۆنە لای یەکتر و خۆیان بەڕیکخست بکەن.
لە سینەفزیۆنێکدا دەربارەی کار و خەباتی ساڵانی ڕابردووی کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێز و ژنانی گەنجی تێکۆشەر لە باشوری کوردستان نیشاندرا و لە درێژەی کۆنفرانسەکەدا گەنجان لە سەر ڕەوشی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و دۆخی پەروەردە لە باشوری کوردستان گفتوگۆیان کرد.
چەندین ڕا و پێشنیاز خرانەڕوو بە هەژدە خاڵ ئەنجامی کۆنگرە بۆ کار و خەباتی دوو ساڵی ئایندە دیاریکرا، کە کارکردنە لەسەر دۆخی گەنجان و هۆشیارکردنەوەیان، هەروەها وەستاندنەوە لە دژی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و پوچەڵکردنەوەی ئەو پلانانەی لەسەر گەنجان و کوردستان بەڕێوەدەبرێن.
"پێشنیاری خۆبەڕێوەبەری دیموکراسی بۆ باشوری کوردستان کرا"
شاتوو محەمەد، ئەندامی ژنانی گەنجی تێکۆشەر و ئەندامی دیوانی بەرێوەبەری کۆنفرانس، باسی لە بەرێوەچوون و بەرنامەکانی کۆنفرانس کرد و بۆ ژنها دوا: بە هۆی ئەو سیستەمە سیاسییەی لە باشوری کوردستان هەیە لە لایەن حیزب و بنەماڵەوە قۆرخکراوە، ئەندامانی کۆمەڵەکە پێشنیاریان کردووە ئەو نمونەی خۆبەرێوەبەری دیموکراسیەی کە لە رۆژئاوای کوردستان پەیرەو دەکرێت لە باشوریش پەیرەو بکرێت.
هەروەها سەبارەت بە رەوشی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان پێشنیاری ئەوەکرا، هەر وەرزێک لە پاش تاقیکردنەوەکانی قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگاکان خولی تایبەت بکرێتەوە و گەنجان پەروەردە بکرێن، بۆ بەرزکردنەوەی رۆشنبیری گەنجان، کاریش بکرێت بۆ وەستاندنی شەری تایبەت لەلایەن راگەیاندنەکانەوە.
"ئامانجمان کۆکردنەوەی گەنجانی شار و شارۆچکەکان بوو"
چۆپی شێرکۆ، ئەندامێکی دیکەی ژنانی گەنجی تێکۆشەر، بۆ ژنها دوا و وتی: هەوڵ و ئامانجی ئێمە لەم کۆنفرانسە کۆکردنەوەی گەنجانی شوێنە جیاوازەکانی کوردستان بوو کە بە کۆدەنگی و راو بۆ چونەکانیان نوێبوونەوە لە یاساکانی کۆمەڵەکە بکەن، هەروەها ئاماژەشی بەوەکرد بەشداری کردنی ژنان لەم کۆنگرەیەدا بۆیان گرنگبووە بۆ هۆشیارکردنەوە و بەرەو پێشبردنی ژنانی گەنج،
چۆپی ئەنجامی کۆنفرانسی بە گرنگ پێناسە کرد، چونکە بووەتە هۆکارێک تا زیاتر ژنان بەشداری کۆمەڵەکەیان بن و کاری زیاتر بۆ هۆشیاری و پێشکەوتنی ژنان بکەن.
لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا و دەرخستنی ئەنجامەکان، ژنانی گەنج و گەنجانی وڵاتپارێز بەستنی کۆنگرە و نوێبوونەوەیان لەیەک پیرۆز کرد و بە ئاهەنگ و خۆشی و هەڵپەرکێ کۆتاییان بە کۆنفرانس هێنا.
ت.پ