کۆمەڵەی مافی مرۆڤی جەزیرە داوای خاوەندارێتی بۆ زرگان دەکات
دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە ١٤ی ئابەوە لەدەوری سنوری زرگان هێرشەکانیان چڕ کردووەتەوە، بەڕێوبەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی هەرێمی جزیرە ئاماژەی بەوەدا، دەوڵەتی تورک هێرشی کردووەتە سەر ٩ گوند و بۆردومانی هاوڵاتیانی کردووە.
عەبیر محەمەد
قامیشلۆ- لە ١٤ی ئابەوە دەوڵەتی تورک هێرشەکانی بۆ سەر سنوری نێوان تل تەمر و شارەدێی زرگانی لە حەسەکە زیادکردووە، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا چەندین تۆپ بەر ماڵی هاوڵاتیان کەوتەوە، هەروەها ژن و منداڵیک گیانیان لەدەستداوە و ١١ هاوڵاتیش برینداربوون، ئەڤین جومعە، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی هەرێمی جزیرە و کەسوکاری بریندارانی هێرشەکە بۆ ژنها دوان.
"بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەو هێرشانە تاوانە"
ئەڤین جومعە هێنایە بەرباس کە بۆردومانی ٩ گوند دەکرێت و لە ئەنجامدا چەندین قوربانی دراوە و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی لە هەرێمەکانی نزیکی سەرێکانی زیادی کردووە، "لە تل تەمر، زرگان و گوندەکانی دەوروبەریان لە ١٤ی ئابدا هێرشەکان نەوەستاون، لە ئەنجامدا لە تل تەمر ژنێکی تەمەن ٣٧ ساڵ بریندار بوو، هەروەها لە ١٧ی ئابدا لە زرگان نزیکەی ٥٠ جار بۆردومانی ماڵی هاوڵاتیانی مەدەنی کراوە و ژنێک و منداڵێک گیانیان لەدەستدا و ١١ کەسی دیکەش بریندار بوون و بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەکانی دربەسی، حەسەکە و قامیشلۆ گوازرانەوە".
ئەڤین باسی لەوەشکرد کە دەوڵەتی تورکیا هاوڵاتی مادەنی و دانیشتوانی گوندەکان دەکاتە ئامانج کە دەچنە پێدەشتەکانەوە بۆ لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیان، ئامانجی دەوڵەتی تورکیاش ئەوەیە کە خەڵک بترسێنێت و گوندەکانیان چۆڵ بکەن، وتیشی: بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان هێرشکردنە سەر هاوڵاتی مەدەنی، گۆڕینی دیمۆگرافیا و دەستگرتن بەسەر موڵک و ماڵی هاوڵاتیاندا تاوانی جەنگە.
"منداڵەکانم بریندار بوون"
کەلسوم ڕەمەزان، کۆچبەرێکی سەرێکانییە و دوو ساڵە لە زرگان پەنابەرە، باس لە ئێشەکانی دەکات و دەڵێت: کاتژمێر ٨:٠٠ی ئێوارە بۆردومان دەستیپێکرد، دەرفەتمان نەبوو لە ماڵەکانمان دەرچین، تۆپێک بەر ماڵەکەمان کەوت و سەربانەکەمانی هەمووی ڕووخاند، ئەمە دووەم جارە خانووەکەمان دەڕوخێت، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هاوکاری ئێمە ناکەن، ئەگەر ئێمە هاوکاری خۆمان نەکەین کەس هاوکاریمان ناکات.
ت.پ