"ئازادی ڕادەربڕین بۆ ڕۆژنامەنووسان بە شێوازی جۆراوجۆر سنووردار کراوە"
بەپێی ڕاپۆرتی پێشێلکردنی مافی ڕۆژنامەنووسان کە لەلایەن کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ژن لە میزۆپۆتامیا (MKG) دەرچووە؛ لە ماوەی مانگی تشرینی یەکەمدا ٦ ڕۆژنامەنووس دەستگیرکران، ٥ ڕۆژنامەنووسیش هەڕەشەیان لێکرا.
ناوەندی هەواڵ
دەسەڵاتدارانی تورکیا بە دەستگیر کردن و هەڕەشە و سنوورداکردن، هەوڵ دەدەن فشاری یاسایی بخەنە سەر ڕۆژنامەنووسان، هەموو ئەم پێشێلکارییانە نەک تەنها بۆ ڕۆژنامەنووسان بەلکو بۆ کۆمەڵگەش هەڕەشەیە.
کۆمەڵەی ژنانی ڕۆژنامەنووسانی میزۆپۆتامیا ڕاپۆرتی مانگی تشرینی یەکەمی خۆی ڕاگەیاند کە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی دژ بە ڕۆژنامەنووسان بەڵگەی لەسەرە لە ڕاپۆرتەکەدا بە وردی باس لە فشارەکانی سەر ئازادی ڕۆژنامەگەری کراوە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە کۆنترۆڵی حکومەت لەسەر ڕاگەیاندنەکان زیادی کردووە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەم فشارە یاساییانە بەشێکن لە ستراتیژێک بۆ تۆقاندنی ڕۆژنامەنووسان و ئاراستەکردنیان بۆ خۆسانسۆرکردن لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان، دەستگیرکردنی ماڵەوەی ڕۆژنامەنووس مەلیکە ئایدن بۆ ماوەی زیاتر لە ٨ مانگ وەک نموونە هێندراوەتەوە.
ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتن بە پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان
ڕاپۆرتەکە ڕوونیکردەوە، ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتن بە زانیاری گشتی لە ڕێگەی پراکتیکەکانی وەک "سەرکوتکردن"ەوە ئەنجام دەدرێت، ئەمەش سەرنج ڕادەکێشێت بۆ ئەو سنووردارکردنانەی دەستڕاگەیشتن بە پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان دوای هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی TAI سەپێندراون، سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە زانیارییەکانی گشتی، مەودای سیاسەتەکانی سانسۆرکردنی حکومەت فراوانتر دەکات و دەستڕاگەیشتن بە ڕاستییەکانی کۆمەڵگا سنووردار دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو سکاڵا یاساییانەی کە لەسەر ڕۆژنامەنوسانی ژن تۆمار دەکرێن، پێشێلکارییەکی گەورەی مافەکان پێکدەهێنن، وەک سزای زیندانیکردن کە دژی ڕۆژنامەنووس بیلین ئۆزکاپتان دەرچووە، ئەم فشارانە هەوڵێکە بۆ ترساندنی ڕۆژنامەنوسان لەڕێگەی دەسەڵاتی دادوەرییەوە کە نەک هەر هەڕەشە لە ڕۆژنامەنوسان دەکات بەڵکو هەڕەشەی کۆمەڵگەش دەکات لە مافی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری.
لە ڕاپۆرتەکەدا جەخت لەوەکراوەتەوە، خەباتی کۆمەڵەکە سەرەڕای هەموو فشارەکان بەردەوام دەبێت، بەردەوام دەبن لە داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسانی ژن، ئازادی ڕادەربڕین، ئاسایش و مافە ئابوورییەکانی ڕۆژنامەنووسان بە شێوازی جۆراوجۆر سنووردارە ، لە کاتێکدا بەربەستەکانی دەستڕاگەیشتن و سانسۆر لە میدیای دیجیتاڵی و ئینتەرنێتدا زیادیان کردووە.
٧ ڕۆژنامەنووس دەستگیرکران
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە ١ی تشرینی یەکەمەوە ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسە ژنە دەستبەسەرکراوانە گەیشتووەتە ٧ ڕۆژنامەنووس، لەکاتی بەدواداچوون بۆ هەواڵدا هێرش کرایە سەر سێ ڕۆژنامەنووسی ژن، ٦ ڕۆژنامەنووسی ژن دەستبەسەر کراون، ٥ ڕۆژنامەنووسی ژن تووشی مامەڵەی خراپ بوون، سێ ڕۆژنامەنووسی دیکە قەدەغە کراون، ٥ ڕۆژنامەنووس هەڕەشەیان لێکراوە ، و چوار کەسی دیکەش لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە.
سێ ڕۆژنامەنووس سکاڵای یاساییان لەسەر تۆمار کرا، ٧ ڕۆژنامەنووس تا ئێستا دادگایی کراون، ٦ ڕۆژنامەنووس سزای ٣٠ مانگ زیندانییان بەسەردا سەپێندرا، ڕۆژنامەنووسێکیش لە کارەکەی دوورخرایەوە، دەستڕاگەیشتن بە ١٢٦ ناوەڕۆکی ڕاگەیاندنی کۆمەڵایەتی ڕێگری لێکرا، ١٠ قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوە سەپێندرا.