ئاوارەبوون، برسێتی، نەخۆشی... غەززە ڕووبەڕووی جینۆساید دەبێتەوە

کەرتی غەززە شاهیدی کارەساتێکی مرۆیی بێوێنەیە بەهۆی ئەو گەمارۆیەی کە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە سەپێندراوەو ڕێگری لە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان دەکات و مەترسی لەسەر ژیانی دەیان هەزار منداڵ دروست دەکات.

ناوەندی هەواڵ 

 

لەناو ئەو دۆخە دڵتەزێنەدا، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل بەردەوامن و ئازارەکان زیاتر دەکەن، ناوچەکانی نیشتەجێبوون بۆردومان دەکرێن و وێران دەکرێن و لە ئەنجامدا قوربانیی زیاتری خەڵکی مەدەنی لێدەکەوێتەوە، لەوانەش منداڵان، ژنان. 

  

میدیا فەلەستینییەکان بەرەبەیانی ئەمڕۆ ١٠ی ئایار بڵاویان کردەوە کە هێزەکانی ئیسرائیل چەند بینایەکی نیشتەجێبوونیان لە گەڕەکی شوجاعییە لە ڕۆژهەڵاتی شاری غەززە وێران کردووە، لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکەکان، چادرگەیەک لە گەڕەکی سەبرا کە ئاوارەکانی تێدابووە، پێنج کەس گیانیان لەدەستدا، کە دوو منداڵ و ژنێکیان تێدابوو. 

 

هێزەکانی ئیسرائیل تر گەڕەکی زەیتون لە باشووری شاری غەززە و گەڕەکی توفە لە ڕۆژهەڵاتی شارەکە و ناوچەی قیزان نەجاڕیان لە باشووری خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە بۆردوومان کردووە. 

  

ڕۆژی هەینی، دەسەڵاتدارانی غەززە لە ڕاگەیەندراوێکدا هۆشدارییان دا لە مەترسیی برسێتی کە ڕووبەڕووی هەزاران منداڵی کەرتی غەززە دەبێتەوە و ئاماژەیان بەوەدا کە هێزەکانی ئیسرائیل ئەندازیاری برسێتییەک دەکەن کە خەڵکی مەدەنی دەکوژێت و بەردەوامیش لە ئەنجامدانی تاوانی ڕێکخراو لە دژی زیاتر لە ٢.٤ ملیۆن هاوڵاتی مەدەنی بە داخستنی دەروازەکان و ڕێگریکردن لە چوونە ژوورەوەی ٣٩ هەزار بارهەڵگر کە هاوکاری و سووتەمەنی و دەرمانیان هەڵگرتووە، ئەمەش پێشێلکارییەکی ئاشکرایە بۆ سەر غەززە یاسای نێودەوڵەتی. 

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ماوەی ٤٠ ڕۆژە سەرجەم نانەواخانەکانی کەرتی غەززە لەکارکەوتوون، ئەمەش وایکردووە دانیشتووان لە نان بێبەشن، کە خۆراکێکی سەرەکییە و برسێتی و بەدخۆراکی توندتر دەکات، بەتایبەتی لەنێو منداڵان و نەخۆش و کەسانی بەتەمەن، ئێستا زیاتر لە ٦٥ هەزار منداڵ بەهۆی بەدخۆراکی و کەمی خۆراکەوە مەترسی گیانلەدەستدانیان لەسەرە، ئەمەش لەئەنجامی بەکارهێنانی هێزەکانی ئیسرائیل لە برسێتی وەک چەکێک لەدژی خەڵکی مەدەنی. 

  

نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکوومەتی لە غەززە لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ بڵاوی کردەوە، ڕایگەیاند کە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی سیاسەتی برسێتی ئیسرائیلەوە گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە ٥٧ فەلەستینی کە زۆرینەیان منداڵن.