ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان: قەیرانی خۆراک هەڕەشە لە هاوڵاتیانی ئاوارە ناوخۆییەکانی یەمەن دەکات

ڕاپۆرتێکی بەرنامەی خۆراکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەرزبوونەوەی "ترسناککەر"ی بارودۆخی ئاسایشی خۆراک بۆ هاوڵاتیانی ئاوارە لە یەمەن تۆمارکردووە، کە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی ٢٥% زیادیکردووە.

یەمەن

 

لە ڕاپۆرتێکدا کە لە لایەن بەرنامەی خۆراکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، تێکچوونی مەترسیدار لە ئاسایشی خۆراکی نێوان ئاوارەکانی ناوخۆی یەمەن ئاشکرا دەکات، کە زیاتر لە ٦٠%یان ناتوانن کەمترین پێداویستی خۆراکیان دابین بکەن، ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕێژەی برسێتی و بەدخۆراکی بە شێوەیەکی بێوێنە بەرزبووەتەوە.

 

ڕاپۆرتی بەرنامەی جیهانی خۆراکی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کردووە کە ٦١%ی یەمەنە ئاوارەبووەکان لە مانگی ئاداردا نەیانتوانیوە پێداویستییە خۆراکییە سەرەتاییەکانیان دەستەبەر بکەن، ئەمە بە بەراورد بە ساڵی پێشوو ٢٥% زیادی کردووە.

 

هەروەها ڕێژەی "بێبەشبوونی توندی خۆراک" لە نێوان ئاوارەکاندا بە ڕێژەی ١٠ خاڵ بەرزبووەتەوە بۆ ٣٥% لە هەمان ساڵدا، لە کاتێکدا لە مانگی ئاداری ٢٠٢٤دا ٢٥% بووە، ڕاپۆرتەکە تیشکی خستۆتەسەر ناکۆکییەکی توند لە نێوان ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان و ئەو ناوچانەی کە لەلایەن حکومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتییەوە کۆنتڕۆڵکراون، حوسییەکان ڕێژەی بێبەشبوون لە خۆراکیان بە ڕێژەی ٣٧% تۆمارکردووە، لەکاتێکدا ڕێژەکە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت گەیشتووەتە ٣١%، ئاوارەکان لە کامپەکاندا زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، ڕێژەی بێبەشبوون لە خۆراک ٤٠% بووە، لە کاتێکدا لە نێوان دانیشتوانی کۆمەڵگە میواندارەکاندا ٣٤% بووە.

 

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ٥٨%ی ئاوارەکان ناچاربوون ستراتیژی هاوشێوە بگرنەبەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی برسێتی، وەک وازهێنان لە ژەمەکان یان پشت بەستن بە هاوکارییە فریاگوزارییەکان، لەکاتێکدا ٨%ی ئەوانەی بەشدارییان لە ڕاپرسییەکەدا کردووە، پەنایان بۆ سواڵکردن بردووە، بۆ دەستەبەرکردنی بژێوی ڕۆژانەیان.

 

لە پێشهاتێکی پەیوەندیداردا، ئەو ٤.٨ ملیۆن ئاوارەیەی کە مەزەندە دەکرێت، ڕووبەڕووی بارودۆخی ژیانی کارەساتبار بوونەتەوە، دەرکردنی زۆرەملێ هەڕەشە لە دانیشتوانی کامپەکان دەکات، لەکاتێکدا زۆربەی کرێچییەکان بەهۆی تێکچوونی توانای داراییەوە ناتوانن کرێی خانووەکانیان بدەن.

 

بەرنامەی خۆراکی جیهانی بارودۆخی ئاوارەکانی بە "زۆر ناخۆش" پێناسە کرد، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەوڵەکانی فریاگوزاری چڕتر بکاتەوە، بۆ ڕزگارکردنی ملیۆنان یەمەنی لە چنگی برسێتی.

ئەم هۆشدارییانە لە کاتێکدایە کە یەمەن بە پێی پۆلێنبەندییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان یەکێک لە خراپترین کارەساتە مرۆییەکانی جیهان بەخۆیەوە دەبینێت.