تەژەئا:سیاسەتە کۆنەپەرستەکان، ژنان دەکەنە پڕۆژەیەکی سیاسی گرنگ بۆ دەوڵەتە نەتەوەییەکان
بەیاننامەکەی تەڤگەری تیجیئەی قسەکانی حکومەتی ئاکەپەی بە ئامانجگرتنی جەستەی ژنان شەرمەزارکرد، وتی:"دەبێت سیاسەتەکانی لەدایکبوون لە کۆنترۆڵی دەوڵەت دووربخرێنەوە، لەسەر بنەمای زانیاری و ئەزموون و پێداویستییە بەکۆمەڵەکانی ژنان بنیات بنرێنەوە".

ئامەد- تەڤگەری ژنانی ئازاد لە بەیاننامەیەکدا پشتڕاستی کردەوە کە بە ڕاگەیاندنی "ساڵی خێزان" لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە، گەمارۆیەکی سیاسی نوێ بەسەر توانای بەخێوکردنی ژناندا سەپێنراوە. ئاماژە بەوە کرا کە هەڵمەتەکانی دیاریکردنی شوێنی ژنان لە کۆمەڵگەدا لەناو "خێزان"دا ئامرازی سەرەکی ئەم سیاسەتانەن.
تەژەئا بەیاننامەیەکی نووسراوی بڵاوکردەوە، قسەکانی حکومەتی تورکیای لەسەر جەستەی ژنان و شێوازەکانی منداڵبوون تاوانبارکرد. ئاماژەی بەوەشکردووە، "دەستوەردان لە منداڵبووندا کە لەم دواییانەدا لە بەرنامەی کاردا بووە، تەنها ژرێکی تەندروستی نییە، بەڵکو کۆنترۆڵکردنی جەستە و ئیرادە و ژیانی ژنانە کە لەلایەن دەوڵەتەوە سپۆنسەر دەکرێت".
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە "ئەم سیاسەتانە لە بیروبۆچونێکی تاکڕەوانە سەرچاوە دەگرن، ئامانجیان دوورخستنەوەی ژنانە لە پۆستەکانی بڕیاردان لە ژیان، ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە باری کەسیی خۆیانەوە، گۆڕینیان بۆ بەرهەمهێنەری ناڕاستەوخۆی سیستەمێکی سەپێنراوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەو سیاسەتانەی دەوڵەت لەژێر پەردەی 'پاراستنی دانیشتووان'دا دادەنێت، لە هەمان کاتدا ژنان لە ژیانی کۆمەڵایەتی دادەبڕێت، وەک ئامرازێکی ستراتیژیش بە ئامانجی گۆڕینی پێکهاتەی دیمۆگرافیای هەندێک ناوچە بەکاردەهێنرێت. بەم مانایە جەستەی ژنان نەک تەنها دەبێتە بابەتی سیاسەتی دانیشتووان، بەڵکو دەبێتە بابەتی سیاسەتی دیمۆگرافی".
لە بەیاننامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە "ئەم دەستوەردانە لە جەستەمان،هەڵبژاردنەکانمان، ڕێڕەوی ژیانمان تایبەت نییە بە تورکیا. سیاسەتەکانی پاراستنی جەستەی ژنان لە سەرانسەری جیهاندا پرسیان بەدەستهێناوە. لە ڕێگەی قەدەغەکردنی لەباربردن و سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە ڕێگریکردن لە دووگیانی و کارەکانی کۆنترۆڵکردنی منداڵبوون، ژنان بوونەتە پڕۆژەیەکی سیاسی گرنگ بۆ دەوڵەتە نەتەوەییەکان".
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە، "کاتی ئەوە هاتووە بەرخۆدانێک پەرە پێبدەین کە لە دژی ئەم هێرشانە بۆ سەر ژنان هەڵدەستێت، لە ڕێگەی خەباتێکەوە کە لەسەر بنەمای ئازادیی ژنان بێت. نابێت جەستەی خۆمان بۆ کۆنترۆڵی دەوڵەت و ڕژێمە تاکڕەوەکان جێبهێڵین. دەبێت سیاسەتی لەدایکبوون لە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەت دووربخرێتەوە و لەسەر بنەمای زانست و ئەزموون و پێداویستییە بەکۆمەڵەکانی ژنان بنیات بنرێتەوە".