کۆنفرانسی "یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستیی کوردیی لە ڕۆژئاوای کوردستان" بەردەوامە

کۆنفرانسی “یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستیی کوردیی لە ڕۆژئاوای کوردستان” بەردەوامە و لە میانیدا وتاری کەجەکە، پەدەکە و یەنەکە خوێندرایەوەو فۆزا یوسف لەسەر ناوی کەجەکە وتی: پیرۆزبایی و سڵاو لە گەلی ڕۆژئاوا و سەرجەم ڕێکخراوەکان دەکەین بۆ ئەو هەڵوێستە شەرەفمەندە.

قامیشلۆ 

 

کاتژمێر ١٠ـی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، بە ئامادەبوونی ٤٠٠ ئەندامی لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و شاندەکانی باشوور و باکووری کوردستان، لە هۆڵی ئازادیی لە شاری قامیشلۆ دەستیپێکرد.

 

لە کۆنفڕانسەکەدا هاوسەرۆکایەتی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی کەجەکە پەیامێکی نووسراوی ئاراستەی کۆنفرانسی "یەکگرتوویی و یەکهەلوێستی کوردیی ڕۆژئاوای کوردستان" کرد. 

 

 پەیامەکە لەلایەن فۆزا یوسف، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) خوێندرایەوە. لە پەیامەکەدا هاتووە: بە ناوی ڕێبەر ئاپۆ و سەرجەم گەریلاکانی ئازادی کوردستان، بە گەرمی سڵاو لە سەرجەم نوێنەرانی کۆنفرانسەکە دەکەین و پێمان وایە ئەم هەنگاوە مێژووییە بە هەوڵەکانی ئێوە سەرکەوتو دەبێت. شۆڕشی ڕۆژئاڤا کە لە ١٩ی تەمووزی ٢٠١٢ لە دژی ڕژێمی بەعس و داعش و دەوڵەتی تورک و چەتەکانی دەستیپێکردو بووە هۆی ١٠ هەزار شەهید و بریندار، بە پیشنەگایەتی یەپەگە، یەپەژە و قەسەدە سەرکەوتنی بەدەستهێنا. 

 

"گەلەکەمان لە چوار پارچەی کوردستانیش پشتیوانی ئەم بانگەوازەیان کرد" 

سڵاو لە هەموو ڕەنجدەرانی ئەم شۆڕشە و بە سوپاسەوە یادی شەهیدەکانمان دەکەینەوە، هیوای سەرکەوتن بۆ هەموو بریندارەکان لە هەوڵەکانیان دەخوازین. بێ گومان ئەم شۆڕش و سەرکەوتنە دەرئەنجامی ماندووبوونی ڕێبەر ئاپۆیە. گەلێکی پابەند بە ڕێبەرێتی خۆیانەوە ئەم دەستکەوتانەی خوڵقاند، ئێمە پێمان وایە ئەم شۆڕشە بە تێگەیشتن لە شۆڕشی ڕزگاریخوازی ژنان، کۆمەڵگە و نەتەوەی دیموکراتیک و ئیکۆلۆژی، پارێزراو دەبێت و پەرەی پێدەدرێت. ڕێبەر ئاپۆ کە بەبێ پچڕان ژیانی خۆی بۆ گەلەکەی تەرخان کردووە، ماوەی ٢٥ ساڵە لە زینداندا شەڕ دەکات بۆ ئەوەی کورد لە جینۆساید ڕزگاری بێت و ناسنامەیەکی هەبێت. ئەمڕۆ بەو بانگەوازەی کە کردوویەتی و ئەو دەستپێشخەرییەی کە پەرەی پێداوە، دەیەوێت کورد ببێت بە هێزێکی کاریگەر لەم پڕۆسە مێژووییەدا، کە جارێکی دیکە مەترسیی گەورەی لێدەکەوێتەوە؛ هەروەها داوای یەکڕیزی نەتەوەیی کرد. گەلەکەمان لە چوار پارچەی کوردستانیش پشتیوانی ئەم بانگەوازەیان کرد، بۆیە پیرۆزبایی و سڵاو لە گەلی ڕۆژئاوا و سەرجەم ڕێکخراوەکان دەکەین بۆ ئەو هەڵوێستە شەرەفمەندە. 

 

یەکەمین ئەرکی کۆنفرانسی هەڵوێستی نەتەوەیی پاراستنی سیستمی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە کە بە ڕەنجی شەهیدان و شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان دامەزرا و بووەتە هیوای دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەروەها ئەمە جێگای شەرەف و شانازییە بۆ هەموو کورد کە هێزێکی بە هەموو گەلانی ناوچەکە بەخشیوە. ئێمە پێمان وایە ئەمە دەبێتە هێزێکی گەورە بۆ پەرەپێدانی دیموکراسی لە سوریا و بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە ساڵانێکە هەوڵی بەرەوپێشبردنی دەدەین و کار بۆ یەکێتی نەتەوەیی دەکەین، چونکە بەبێ یەکڕیزی، ئەستەمە دەستکەوتەکانی چوار پارچەی کوردستان بپارێزرێت، کاتێک یەکگرتوویی نەما، هێزە داگیرکەرەکان ئەمە لە دژی کورد بەکار دەهێنن. کۆنفرانسی هەڵوێستی نەتەوەیی ڕۆژئاوای کوردستان بە هەنگاوێکی زۆر گرنگ و مێژوویی بۆ یەکڕیزی و کۆنگرەی نەتەوەیی دەزانین. 

 

ئێمە پێمانوایە ئەو یەکگرتوویی و هەڵوێستەی لەم کۆنفرانسە سەرهەڵدەدات، ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە دیموکراتیزەکردنی سووریا و پاراستنی دەستکەوتەکانی کورد و ئەم هەوڵە سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت، هیوادارین ئەم کۆنفڕانسە ببێتە هەوێنی هەموو لایەنە کوردستانییەکان بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لە کۆنگرەیەکی نیشتمانیدا کۆببنەوە، لەسەر ئەم بنەمایە، جارێکی دیکە سڵاو لە کۆنفڕانسەکە دەکەین، خەبات تا سەرکەوتنی هەمیشەیی بەردەوام دەبێت. وەک ڕێبەر ئاپۆ وتی کاتی ئازادی کوردە. 

 

لە میانی کۆنفڕانسەکەدا وتاری پەدەکە و یەنەکە خوێندرایەوە:

 

لە کۆنفڕانسەکەدا دكتۆر حەمید دەربەندی، نوێنەری مەسعود بارزانی، سەرۆکی پەدەکە وتاری سەرۆکی پەدەکەی خوێندەوە و پیربازیی بەستنی کۆنفڕانسەکەی کرد و وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ یەکێتیی کوردان لە سووریا پێناسەی کرد، هاوکات سووپاسی مەزڵووم عەبدی کرد کە ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە بەستنی کۆنفڕانسەکەدا، هیوای خواست ئەم کۆنفڕانسە ببێتە مایەی بەدیهاتنی خواست و ئاواتەکانی گەلی کورد، ڕووداوەکانی هەرێمەکە وایکرد گەلی کورد بۆ مافەکانی خۆیان تێبکۆشن، پشتگیری لە چارەسەری ئاشتییانە و دیپلۆماسی دەکەین، بەهیواین گەلی کورد بۆ مافەکانی خۆی تێکۆشان بکات، لە دەستووردا مافەکانی کوردان مسۆگەربکرێت و گەلی کورد تەواوی مافە ڕەواکانی بەدەست بهێنێت. 

 

"بە یەكڕیزیی و لێكتێگەیشتنی نیشتیمانی دەگەینە ئامانجەكانمان" 

هەروەها ئەمین بابە شێخ وتاری یەنەکەی خوێندەوە و تێیدا هاتبوو: هیوای سەركەوتن بۆ كۆنفڕانسەكە دەخوازین و پشتیوانتان دەبین، هەمیشە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پشتیوانی یەكڕیزیی و یەكهەڵوێستی كورد بووە و ئێستاش پشتیوانی بزافی ڕزگاریخوازی كوردین لە سووریا، چونكە سەقامگیری سووریا واتا سەقامگیری ناوچەكە، بۆیە دەبێت مافی هەموو پێكهاتەكان بەتایبەت كورد پارێزراوبێت، بە یەكڕیزیی و لێكتێگەیشتنی نیشتیمانی دەگەینە ئامانجەكانمان، لە نزیكەوە ئاگاداری ئاڵنگاری و پێشهاتەكانی ناوچەكەین و بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانەش، پێویستە هەموو لایەنە سیاسی و پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكان یەكڕیز و یەكهەڵوێستبن بۆ بەدەستهێنانی مافەڕەواكانمان. 

 

لە کۆتایی وتارەکەی یەنەکەدا هاتووە: سەقامگیری سووریا كاریگەریی لەسەر سەقامگیری ناوچەكە هەیە و یەكڕیزیی و یەكهەڵوێستی لایەنەكانیش دەبێتە جێی ئومێدی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و گەلی كورد، بۆیە پێویستە ڕێگربین لە هەر پیلانێك كە بۆ تێكدانی یەكڕیزیی گەلی كورد داڕێژرابێت. 

 

لە ئێستادا کۆنفرانسەکە دوور لە چاوی ڕاگەیاندنەکان بەردەوامە.