دوێنێ سپیدە بوو، ئەمڕۆ مەهسا قوربانی حیجابی ئیجبارین، سبەی نۆرەی کێیە؟!

لێدان و ئەشکەنجە و بێهۆشی ژینا ئەمینی کاردانەوە و ناڕەزایی زۆرێک لە چالاکوانان و خەڵکی گشتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەدوای خۆیدا هێناوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ژینا ئەمینی ناسراو بە مەهسا، تەمەن ٢٢ ساڵ دوای لێدانی لەلایەن کارمەندانی دەوریەی ئیرشادەوە رووبەڕووی بێهۆشی بووەوە و دوێنێ، ١٥ی ئەیلول تووشی جەڵدەی مێشك و دڵ بوو، پزیشکانی نەخۆشخانەی کەسرە لە تاران ئومێدیان بە مانەوەی ناوبراو نییە.

 

ژینا ئەمینی خەڵکی شاری سەقزە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ گەشتێک چووەتە تاران و شەوی سێشەممە لە لایەن هێزەکانی دەوریەی ئیرشادەوە دەستبەسەر و بۆ ناوەندی ئەماکن لە تاران گوازراوەتەوە، دوای ٢ کاتژمێر، بە ئەمبوڵانس گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی کەسرە.

 

دوای گواستنەوەی ژینا، تەواوی نەخۆشخانەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گەمارۆ درا.

 

بەپێی لێدوانی یەکێک لە دەستبەسەرکراوەکان کە لەناو ئۆتۆمبێلی دەوریەی ئیرشاددا بووە، ژینا لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا لێی دراوە و باری تەندروستی خراپ بووە، بەهۆی بێباکی بەرپرسانی بنکەی دەستبەسەرکردن لە بارەی دۆخی تەندروستی ژینا و ناڕازیبوونی گیراوانی دیکە، گرژی و ململانێ ڕوویدا و لە ئەنجامدا دوای تێپەڕینی ماوەیەکی زۆر ژینا ئەمینی بە ئەمبوڵانس گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی کاسرا.

 

بەپێی لێدوانی كیارەش ئەمینی برای ژینا، كاتژمێر ٨ی ئەو شەو، پزیشكان بێهیوا بوون لە باشبوونی تەندروستی و رایانگەیاندووە كە تووشی جەڵتەی دڵ و مێشك بووە. هەرچەندە دڵی هێشتا لێدەدات، بەڵام مێشکی ژینا بەئاگا نییە.

 

کاردانەوە یەک لە دوای یەکەکان بۆ دۆخی ژینا ئەمینی

 

لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر هاشتاگی بە ناوی #مەهسا-ئەمینی دەستیپێکرد، کاردانەوەی چالاکوان، هونەرمەندان و تێکڕای هاوڵاتیان سەبارەت بە دۆخی ژینا ئەمینی لە زیادبووندایە و دەوریەی ئیرشادیان وەک "دەوریەی کوشتن" بەناو کرد، هەندێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕاگەیاندنی پۆلیسیان سەبارەت بە بێهۆشییەکەی ژینایان بە درۆ زانی و کاردانەوەی توندیان هەبوو.

 

سەناز باغەری، کاریکاتێریست، کاریکاتێری ژینای لە تۆڕی تویتەری خۆی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: ئەمە دڕندەیی کۆماری ئیسلامییە!

 

لیا ریمینی، ئەکتەری ئەمریکی، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر وێنەکانی ژینا ئەمینی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "مەهسا دوای ئەشکەنجەدانی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە لە بێهۆشیدایە و ئەوەی کە ئەو ژنە بەهۆی پۆشینی حیجابێکی نەشیاوەوە دەستگیرکراوە، هێندەی تر ترسناکتر دەکات".

 

عەلی کەریمی، یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، وێنەیەکی ژینای لە نەخۆشخانە بڵاوکردەوە و بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئاماژەی بە کۆچی منداڵانی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی کرد بۆ دەرەوەی وڵات و نووسیویەتی: "منداڵەکانیان دەڕۆن، منداڵەکانی ئێمەش دەڕۆن"، هەروەها نووسیویەتی، "کاوەی داهاتووی ئێران، ژنێکە".

 

پانتیا بەهرامی، ئەکتەر، دەڵێت: تۆ ئەهریمەنێکیت، ئەگەرنا ئەم بڕە ئەهریمەنییە بۆ شەیتان قفڵ کراوە.

 

بە پشت بەستن بەو بانگەوازەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، کۆمەڵێک لە چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی کوردستان لە ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەو ڕووداوە، داوایانکردووە ڕۆژی شەممە لە شارەکانی کوردستان و ئێران مانگرتنی گشتی بەڕێوەبچێت.