"تووڕەیی خۆمان دەخەینە پاڵ تووڕەیی بنەماڵەی ژینا"

ڕێکخراوە مەدەنییەکانی شاری سەقز بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند کە تووڕەیی خۆیان دەخەنە پاڵ تووڕەیی بنەماڵەی ژینا و دەبێت ئەو کەسانەی بەشداری تاوانەکەن، سزای کردە نامرۆڤانەکەیان ببیننەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای ئەوەی دوێنی، مەهسا- ژینا ئەمینی، لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، ناڕەزایەتی و ڕق و توڕەیی هاوڵاتیان و چالاکوانان و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی بەدوای خۆیدا هێنا، ژینا کە لەگەڵ خێزانەکەیدا بۆ گەشت لە سەقزەوە چووبوونە تاران، لەلایەن هێزەکانی دەوریەی ئیرشادەوە دەستبەسەر و بۆ ناوەندی ئەماکن لە تاران گوازراوەتەوە، دوای ٢ کاتژمێر، بە ئەمبوڵانس گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی کەسرە چونکە بەهۆی لێدان و ئەشکەنجەوە تووشی کۆما بووە، هۆکاری دەستبەسەرکردنەکەشی نەگونجاوی لەچک-حیجابەکەی بووە.

 

لەو بارەیەوە، ڕێکخراوە مەدەنییەکانی شاری سەقز لەسەر کارەساتی ژینا ئەمینی ناسراو بە "مەهسا" ئەمینی بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، "ماشینی گوشار و ئازاردانی ژنان بە بۆنەی حیجابەوە وا بڕوات، وامان لێدەکات دەبێ  هەمیشە بۆ چارەنووسی ژیناکانمان کە بە هۆکار گەلی وەکوو زانکۆ، کارکردن، چارەسەری نەخۆشی، ژیانی ئاوارەیی یان بە شوێن تیکەنانێکەوەن، نیگەران بین و چاوەڕێی وەها دۆخگەلێک ببین".

 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، هەر وەک ئاگادارن لە چەن ڕۆژی ڕابردوودا لەلایەن هێزەکانی دەوریەی ئیشادی تارانەوە، مەهسا-ژینای ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵان خەڵکی شاری سەقز بە بیانووی حیجابەوە دەستبەسەر دەکرێت و بە هۆی گوشار و ئازارێکەوە کە لە زیندان دەیبینێت جەڵدە لێیدەدات. باش دەزانن ئەمە یەکەمجار و یەکەم کەس نییە لە لاوانی ئێمە کە بە بیانووگەلی وەکوو کۆڵبەری و بیروڕای جیاواز و هەڵسووڕان و خەبات لە بوارەکانی وەک مافی مرۆڤ، ژینگەپارێزی و هتد ڕاپێچی زیندان دەکرێن، یان دەدرێنە بەر دەستڕێژ و دەکوژرێن، لە درێژەی ئەم دەستدرێژییانەدا، بیانووی حیجاب و جلوبەرگیشی هاتەسەر و گیانی نەونەمامێکی وەکوو ژینای دڵ پڕ لە هیوا و ئاواتی کردە ئامانج و لە سەرەتای گەشە و چرۆدانیدا چووە کاروانی نەمرانەوە.

 

ئەنجومەنەکە ئاماژەیان بەوەدا، "تووڕەیی خۆمان دەخەینە پاڵ تووڕەیی بنەماڵەی ژینا و خەڵکی داخداری سەقز و دەڵێین دەبێ ئەو کەسانەی لەم تاوانەدا بەشدارن، سزا و تاوانی ئەم کردەوە نامرۆڤانەیان ببیننەوە".

 

بەیاننامەی هاوبەشی:

٭ ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبیی مەولەوی کوردی سەقز

٭ ئەنجومەنی فەرهەنگیی هیوای زانستی سەقز

٭ ئەنجومەنی کۆمەڵایەتیی چرۆی ژیان

٭ ئەنجومەنی ژینگەپارێزانی ژیانی سەوزی سەقز

٭ ئەنجومەنی ئاسۆی ژیاری ساحێب

٭ ئەنجومەنی سنفیی مامۆستایانی کوردستان- سەقز و زێویە

٭ ڕێکخراوەی کەلتووری کۆمەڵایەتیی نۆژین لقی سەقز