"لە سوریا بەبێ پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک هیچ چارەسەرێک نییە"

بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ململانێکانی سوریا، پارتی سوریای ئایندە کۆبوونەوەیەکی لە پارتەکەیان لقی عەفرین-شەهبا ڕێکخست و خستیانەڕوو کە بەبێ پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک هیچ چارەسەرێک نییە.

شەهبا

 

پارتی سوریای ئایندە لقی عەفرین و شەهبا کۆبوونەوەیەکیان لە کانتۆنی شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕێکخست، لەژێر ناوی "بەبێ پرۆژەی دیموکراتیک لە سوریا هیچ چارەسەرێک نییە" بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سوریا لەڕێگەی پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک. کۆبوونەوەکە لە هۆڵی رۆشنبیری و هونەری ناحیەی فافین سەر بە شاری شەهبا بە بەشداری دامەزراوە و دەزگاکانی ئیدارەی خۆسەر و لایەنە سیاسییەکان و حزبی ئایندەی سوریای لقی حەلەب بەڕێوەچوو.

 

کۆبوونەوەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن دەستی پێکرد. دوای ئەوە خاڵەکانی وۆرک شۆپەکە لەلایەن ئەندامی پارتی سوریای ئایندەی لقی عەفرین- شەهبا، نەورۆز حسێن خوێندرایەوە و وتی: ئەگەر ژن ئازاد نەبێت هەرگیز کۆمەڵگە ئازاد نابێت. ئەو ململانێیانەی لە ناوچەکەدا ڕوویانداوە، سەرەتا ژنان دەکەنە ئامانج. داعش لە عەقڵیەتی حزبی دەسەڵاتدارەوە دروستبووە و ژنان لە دژی ئەم عەقڵیەتە شەڕیان کردووە بۆ بنیادنانی سوریایەکی ئازاد بەبێ حزبی دەسەڵاتدار. گەشەسەندنی ژنان لە ڕۆژئاوا بەهایەکی گەورەی مێژوویی هەیە. شۆڕشی ڕۆژئاوا ئەو سیستمە لەناودەبات کە عەقڵیەتی دەسەڵاتدار دروستی کردووە و سیستەمێک بە دەسەڵات و ئیرادەی ژنێکی ڕێکخراوەوە بنیاد دەنێت.

 

"چارەسەر نەتەوەیەکی دیموکراتیکە"

لەبارەی ئامانجی کۆبوونەوەکە و گرنگی رۆڵی ژنان لە چارەسەری سوریا، نەورۆز حسێن وتی: ئامانج لە بەڕێوەچوونی ئەم وۆرک شۆپە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی سوریایە. هیچ ململانێیەک بەبێ پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک لە سوریا چارەسەر ناکرێت. کارەکانمان لەسەر بنەمای ئەم پرۆژەیەیە. دەنگی پڕۆژەکەمان بۆ هەموو ناوچەکان و بەتایبەتی بۆ ژنان بڵاو دەکەینەوە، ئەگەر ژنان ئازاد نەبن کۆمەڵگە ئازاد نابێت. بۆ ئەوەی عەقڵیەتی پیاوسالاری نەهێڵین، پێویستە چالاكییە دیموكراتیکەكانمان فراوانتر بكەین. داگیرکردنی خاکەکانمان و کۆمەڵکوژییەکان لە عەقڵیەتی حزبی دەسەڵاتەوە سەرچاوە دەگرێت. هەروەها ژنان ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لەم چارەسەرەدا، ژنان لە ڕێگەی بیرۆکەی نەتەوەی دیموکراتیکەوە توانیان خۆیان لە زنجیرەکانی کۆیلایەتی ڕزگار بکەن و جێگەی خۆیان لە کایەی سیاسی و دیپلۆماسی و کۆمەڵایەتیدا بگرن. ژنان دەتوانن بە ئیرادە و مەعریفە و خەباتی خۆیان کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکراتیک بنیاد بنێن.

 

کۆبوونەوەکە بە گفتوگۆ کۆتایی هات.