بەرخۆدانی خەڵکی شاری سەقز بۆ ڕێگری لە زوو ناشتنی ژینا ئەمینی
خەڵکی شاری سەقز نەیانهێشت تەرمی ژینا ئەمینی زووتر لە وادەی ڕاگەیەندراو بەخاک بسپێردرێت.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ خەڵکی سەقز کە بۆ یاوەریکردن و بەشداریکردن لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی مەهسا- ژینا ئەمینی هاتبوون، ڕێگەیان نەدا ئەفسەرەکان زووتر لە کاتی ڕاگەیەندراو دەست بە ڕێوڕەسمەکە بکەن.
بنەماڵەی ژینا ئەمینی بڕیاریان دابوو ئەمڕۆ کاتژمێر ٩:٣٠ کاتی ناشتنی ژینا بێت بە بەشداری هاوڵاتیان، بەڵام دەزگا ئەمنییەکان هەوڵیان دەدا لە نزیکەی کاتژمێر ٥:٣٠ی بەیانی زوو تەرمی ژینا لەبەردەم خەڵکدا بنێژن بە فشارخستنە سەر خێزانی ژینا و دەستبەسەرداگرتنی مۆبایلەکانیان، بەڵام ڕووبەڕووی بەرخۆدانی خەڵکی سەقز بوونەتەوە و ڕێگرییان لێکرا.
ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینی، ژنێکی گەنجی تەمەن ٢٢ ساڵەی خەڵکی شاری سەقز، کە بەهۆی ئەشکەنجەی هێزەکانی دەوریەی ئیرشادی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە تاران گیانی لەدەستدا، بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی شاری سەقز بەڕێوەدەچێت.
هاوڵاتیان لە پرسەکەدا بە وتنەوەی دروشم دژی حیجابی ناچاری و حکومەت ئیدانەی مردنی ژینا ئەمینی دەکەن.