تاڵیبان دەنگی ژنانی لە ڕادیۆکاندا قەدەغە کرد

سەنتەری ڕۆژنامەنووسانی ئەفغانستان بڵاویکردەوە، تاڵیبان لە ئەفغانستان بە تەواوی پەخشکردنی دەنگی ژنانی لە ڕادیۆکاندا قەدەغە کرد، هەروەها لە ساڵی ڕابردوودا ١٧٢ ڕووداوی پێشێلکردنی مافەکانی میدیا و ڕۆژنامەنووسان تۆمارکراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لەمانگی ئابی ٢٠٢١ کە تاڵیبان کۆنترۆڵی ئەفغانستانی کردووەتەوە، کۆتوبەندی زۆری بەسەر میدیا و ڕۆژنامەنووساندا سەپاندووە. ئەم گروپە چەندین جار هەڵیانکوتاوەتە سەر نووسینگەکانی ڕاگەیاندن و ماڵی ڕۆژنامەنووسان و دەستگیریان کردووون و نووسینگەکانی ڕاگەیاندنیان داخستووە.

 

سەنتەری ڕۆژنامەنووسانی ئەفغانستان لەبارەی قەدەغەکردنی دەنگی ژنان لە ڕادیۆکاندا لەلایەن تاڵیبانەوە پەیامێكیان بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: بەڕێوەبەرایەتی زانیاری و ڕۆشنبیری تاڵیبان لە ئەفغانستان بە تەواوی پەخشکردنی دەنگی ژنانی لە ڕادیۆکاندا قەدەغە کرد.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، بڵاوکردنەوەی ڕیکلامەکان بۆ هەر جۆرە دەرمانێک و کەرەستەی جوانکاری و ڕیکلامەکان لە کلینیک و نەخۆشخانەکاندا بەبێ مۆڵەتی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی تەندرووستیی قەدەغە کراوە، سەرکۆنەی سەپاندنی کۆتوبەندی نوێی ڕاگەیاندن لە قەندەهار دەكەین.

 

ئاماژە بەوەشكراوە، لە ساڵی ڕابردوودا ١٧٢ ڕووداوی پێشێلکردنی مافەکانی میدیا و ڕۆژنامەنووسان تۆمارکراوە، لەوانە ١٢٢حاڵەتی هەڕەشە و ٥٠ دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووس و کارمەندانی دەزگاكانی ڕاگەیاندن.