پارتی گەنجانی ئێزدی دامەزرا
پارتی گەنجانی ئێزدی بۆ ئەوە دامەزرا کە دەنگی ئێزدییەکان بێت و کێشە سیاسییەکانیان چارەسەر بکات. بەشدارانی کۆنگرەی یەکەمی ئەو پارتە وتیان: هیوادارین ئەم پارتە ببێتە وەڵامی هەموو کێشەکانی کۆمەڵگە.
شنگال
پارتێکی نوێی ئێزدی بە ناوی "پارتی گەنجانی ئێزدی" بە دروشمی “دادپەروەری، ئازادی و دیموکراسی” بە بەشداری ٢٠٠ نوێنەر لە شنگال دامەزرا، ئەو پارتە بە ئامانجی بوون بە دەنگی گەلی ئێزدی لە عێراق و جیهان چالاکییە سیاسییەکانی خۆی ئەنجام دەدات.
ڕیهام حەسەن، ئەندامی کۆردیناسیۆنی تاژێ و مامۆستا خالیدە ئیبراهیم و سەفیناز ئیبراهیم کە بەشداری کۆنگرەکە بوون، قسەیان بۆ ئاژانسەکەمان کرد.
‘ئەم پارتە کار بۆ یەکڕیزی گەلەکەمان دەکات’
ڕیهام حەسەن، ئەندامی کۆردیۆناسیۆنی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی "تاژێ" لە وتاری دەستپێکیدا پیرۆزبایی کۆنگرەی لە سەرجەم بەشداربووان و گەلی ئێزدی کردو ئاماژەی بەوەکرد بەناوی تاژێوە بەشداری یەکەمین کۆنگرەی پارتی گەنجانی ئێزدی بوون وتی: لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا ١٣ ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتەکە هەڵبژێردران کە سێ کەسیان ژن بوون، هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین، جارێکی تر پیرۆزبایی ئەم کۆنگرەیە لە هەموو کۆمەڵگەی ئێزدیمان دەکەین، هیوادارین ئەم پارتە خزمەتی خەڵک بکات بۆ ئەوەی لە گۆڕەپانی سیاسیدا بوەستن.
"پارتەکە دەبێتە دەنگی ئێزدییەکان لە سیاسەتدا’
مامۆستا خالیدە ئیبراهیم، کە یەکێک بوو لە نوێنەرانی کۆنگرە، پیرۆزبایی دامەزراندنی پارتەکەی لە هەموو گەلی ئێزدی کردو وتی: هیوادارم لەگەڵ ئەم پارتەدا ئەو ناخۆشیانەی ڕووبەڕووی شنگال دەبنەوە ڕێگری لێ بکرێن، هەروەها پاڵپشتی و کارێک بین بۆ گەلەکەمان، هیوای سەرکەوتن بۆ ئەو هاوڕێیانە دەخوازم کە بەشداری لە پارتە نوێیەکەماندا دەکەن. دڵنیام کە ئەوان کارێکی باش بۆ گەلەکەمان دەکەن. بەتایبەتی ئەمڕۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دۆخێکی خراپدا تێدەپەڕێت ئامانجی پارتەکە ئەوە دەبێت کە شنگال لەم شەڕە دوور بخاتەوە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوودەدات.
"با دەستی یەکبگرین، هاوپەیمانییەک پێکبهێنین"
لە درێژەی قسەکانیدا مامۆستا خالیدە هەڵسەنگاندنەکانی خۆی بۆ گرنگی کۆنگرە و ڕۆڵیپارتی نوێ دەربڕی و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەم پارتەو کۆنگرەکەی زۆر گرنگ دەبێت کە ناسنامەکەمان قبوڵ بکرێت، بۆ ئەوەی سەربەرز بین.
مامۆستا خالیدە ئیبراهیم داوای لە گەلی ئێزدی کرد کە پشتیوانی ئەم پارتە نوێیە بکەن و وتی: بەتەنها دەستێک بەس نییە، با دەستی یەکتر بگرین، هاوپەیمانییەک دروست بکەین، با پێکەوە ڕێگری لە نەخۆشیەکان بکەین.
"پارتی نوێ بە بەشداری ژنان بەهێزتر دەبێت"
سەفیناز ئیبراهیم ئاماژەی بەوەدا کە کۆنگرەیەکی لەو شێوەیە بۆ ئێزدییەکان بەسترا کە بتوانن خۆیان لە گۆڕەپانی سیاسیدا ڕێکبخەن و دامەزراندنی ئەو پارتە زۆر گرنگە وتی: بەم پارتە دەتوانین دەنگی ئێزدییەکان بگەیەنینە دەوڵەتەکان، زۆر گرنگە دوای چەند ساڵێک پارتێکی لەم شێوەیە لە شنگال دابمەزرێنین، بۆ ئەوەی گەلی ئێزدی بتوانێت لە عێراق جێگەی خۆی بگرێتەوە و کار بۆ گەلی ئێزدیمان بکات، هەروەها داوای ماف و ناسنامەی خۆمان دەکەین لە چوارچێوەی یاساییدا.
سەبارەت بە بەشداری ژنان لە کۆنگرەکەدا، سەفیناز ئیبراهیم ئاماژەی بەوەدا کە ژنان زۆرترین کاریگەرییان لەسەر بووە و زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی ئەو فەرمانە، بەڵام ئەمڕۆ ژنان بەشدارییەکی بەهێزیان لە تەڤگەرەکەدا کردووە و دەتوانن دەنگی ژنان زیاتر بگەیەننە جیهان.