ئەڵماز ڕۆمی وەک سەرۆکی شارەوانیی کۆبانێ دەستبەکار بوو

ئەمڕۆ، لە کۆبانێ دوای ئەوەی کە ئەنجومەنی جێبەجێکاری شارەوانی هەڵبژێردرا، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە نوینەرانی خۆبەڕیوبەریی کۆبانێ و پاریزگای حەلەب، ئەڵماز ڕۆمی بە فەرمی وەک سەرۆکی شارەوانیی کۆبانێ دەستبەکار بوو.

کۆبانێ

 

دوای ئەوەی شاندێکی بەڕێوەبەریی کۆبانێ سەردانی پارێزگای حەلەبیان کرد، ئەڵماز ڕۆمی لەلایەن پارێزگاری حەلەب عەزام غەریبەوە بە فەرمی وەک سەرۆکی شارەوانیی کۆبانێ دەستنیشان کرا و ئەمڕۆش بە فەرمی دەستبەکار بوو.

 

لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی شاندێکی حکومەتی کاتیی سەر بە پارێزگای حەلەب، ئەندامانی ئەنجومەنی جێبەجێکاری شارەوانیی کۆبانێ و نوێنەرانی بەڕێوەبەریی کۆبانێ، ئەڵماز ڕۆمی. وەک سەرۆکی شارەوانی کۆبانێ دەسبەکار بوو، هەروەها عەبدولغەنی موسلیمیش وەک جێگری سەرۆکی شارەوانی دیاری کرا.

 

لە دوای کۆتاییهاتنی ڕێوڕەسمەکە، ئەڵماز ڕۆمی، سەرۆکی نوێی شارەوانیی کۆبانێ لە بەردەم بینای شارەوانیی گەل لە شارەکەدا لێدوانێکی دا و ڕایگەیاند، بەپێی بڕگە و ڕێکارەکانی ڕێککەوتننامەی ٢٩ی کانوونی دووەم، پێویستە دامەزراوەکان لەگەڵ دامەزراوەکانی حکومەتدا یەکبگرن، ئێمە ئەمڕۆ لە کۆبانێ پرۆسەی یەکخستنی دامەزراوەکانی شارەوانیی کۆبانێمان لەگەڵ شارەوانیی گشتیدا دەستپێکرد، هەر لەو چوارچێوەیەدا، دوو ڕۆژ لەمەوبەر کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ پارێزگاری حەلەب ئەنجام داو وەک سەرۆکی شارەوانی کۆبانێ ڕاسپێردرام.

 

وتیشی: ئەمڕۆ بە فەرمی ئەرکەکانمان وەک سەرۆکایەتیی شارەوانی کۆبانێ وەرگرت و ئەنجومەنی جێبەجێکاری شارەوانیی کۆبانێمان پێکهێنا.

 

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا سەرۆکی شارەوانی بەڵێنیشی دا کە وێنەیەکی جوانترو باشتر پێشکەش بکەن، هەمیشە لە خزمەتی گەلەکەماندا بین و سەرجەم پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکەین.