دەم پارتی: لە ١ـی ئایار برژێنە مەیدانەکان
کۆمیسیۆنی ڕەنجی دەم پارتی ڕایگەیاند، ١ـی ئایار داواکارییەکانی کرێکاران لە مەیدانەکان دەردەبڕن. دەم پارتی سەرنجی خستەسەر قەیرانی ئابووری، سیاسەتەکانی شەڕ و هەژاری و داوای کرد گۆڕەپانی تەقسیم بۆ ئاهەنگەکان بکرێتەوە.
ناوەندی هەواڵ
کۆمیسیۆنی ڕەنجی دەم پارتی سەبارەت بە بەرنامەی ١ی ئایار ڕۆژی جیهانی کرێکاران و ڕەنجدەران بە دروشمی "پێکەوە بۆ نان، ئاشتی و دادپەروەری بەرەو ١ـی ئایار" لە ناوەندی گشتیی دەم پارتی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بەست، سەڤتاپ ئاکداغ و محەمەد بۆزگەیک، هاووتەبێژی کۆمیسیۆنی ڕەنجی دەم پارتی قسەیان کرد.
سەڤتاپ ئاکداغ ڕایگەیاند، ئەمساڵ بۆ نان، دادپەروەری و ئاشتی لەسەر گۆڕەپانەکان دەبن و وتی: تا دێت شەڕی ئیمپریالیستی قووڵ دەبێتەوە و قەیران و هەژاریش زیاتر دەبێت. هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا بەرخۆدانی گەلانیش فراوانتر دەبێت. سیاسەتی شەڕ هەژاری زیاد دەکات و کرێی کار کەمدەکاتەوە.
پاشان محەمەد بۆزگەیک ڕایگەیاند، ڕۆژی ١ـی ئایار لەگەڵ کرێکاران کۆدەبنەوە و وتی: بە هەموو داواکارییەکانمانەوە لە گۆڕەپانەکاندا دەبین. کاتێک باس لە ١ـی ئایار دەکرێت، گۆڕەپانی تەقسیم دێتە بەرچاو، بەڵام بەداخەوە زیهنیەتی قەدەغەکەر ماوەی ٢٣ ساڵە لە قەدەغەکردنی تەقسیم بەردەوامە. بانگەواز دەکەین لە دەسەڵاتداری گۆڕەپانی تەقسیم بەڕووی کرێکاراندا بکاتەوە. جارێکی دیکە هەموو گەلەکەمان بانگهێشت دەکەم بۆ بەرزکردنەوەی داواکارییەکانیان لە گۆڕەپانەکان.