سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە پەسەندکرا

لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی، زیندانی سیاسیی کورد لە زیندانی ئێڤین پەسەند کرا.

ئەمیر ڕەئیسیان، پارێزەری پەخشان عەزیزی لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی، شەوی ڕابردوو پەیامێکی بڵاو کردەوەو ڕایگەیاند، لە لایەن دادگای باڵای ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی، زیندانی سیاسیی کورد لە زیندانی ئێڤین پەسەند کراوە.

 

وتیشی: ئەو بەڵگانەی بۆ بەرگریکردن لە پەخشان عەزیزی پێشکەشی دادگا کرابوو ڕەتکراوەتەوە.

 

پەخشان عەزیزی خەڵکی شاری مهابادە و دەرچووی بەشی کاری کۆمەڵایەتییە لە زانکۆی عەلامە تەباتەباییە لە تاران، چالاکوانی بواری مافی ژنان و زیندانی سیاسییە لە زیندانی ئێڤین.

 

لە ٤ـی ئابی ٢٠٢٣ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە تاران دەستبەسەر کرا و گواسترایەوە بۆ بەندی ٢٠٩ـی زیندانی ئێڤین، بە تۆمەتی “یاخییبوون و ئەندامێتی لە گرووپەکانی دژ بەی دەوڵەت” زیندانیی کرا، لە مانگی ئایاری ٢٠٢٤ سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.