چالاکوانانی تونس داوای تێکۆشان لە دژی پێشێلکارییەکانی مافەکانی ژنان دەکەن

ژنانی چالاکوانانی تونس ڕایانگەیاند، هەرچەندە ڕاپەڕینەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕێگەی بۆ ژنان کردۆتەوە بۆ ئەوەی ڕۆڵی خۆیان لە بزووتنەوەی جەماوەریدا نیشان بدەن، بەڵام ژنان لە مافەکانیان بێبەش دەمێننەوە و داوای خەباتیان لە دژی ئەمە کرد.

ئیخلاس حەمرونی

 

تونس- ڕاپەڕینە جەماوەرییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لاپەڕەیەکی مێژوویی لە ناوچەکەدا نووسیوە و کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر گۆڕەپانی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە تونس، لیبیا، مەغریب، سووریا و میسر هەبووە، ئەم گۆڕانکاریانەی کە ڕوویان دا، دۆخی ژنانی ناوچەکەشیان لەخۆگرتبوو، لە ڕاپەڕینەکانی سەرکردایەتی ژناندا، ژنان داوای یەکسانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و گۆڕینی ئەو سیستمەیان دەکرد کە جیاکارییان دەکرد، سەبارەت بەم پرسە ئیمان عەبد زین عزری، چالاکوانی یاسایی تیشکی خستە سەر دەستکەوتەکانی شۆڕشی گەل و ڕۆڵی ژنان لەم سەرکەوتنانەدا و ڕایگەیاند، سەرەڕای دەستکەوتەکانی ژنان هێشتا ئاڵەنگاریی لەبەردەم ژناندایە.

 

چالاکوان سەماح عەبدول عەلاوی ڕایگەیاند، شۆڕشی تونس بۆتە نموونەیەکی سەرکەوتوو بۆ شۆڕشەکانی ناوچەکانی دیکە و وتیشی: تونس لەڕووی ئازادی و سیاسەتەوە لەڕێگەی شۆڕشەکەیەوە دەستکەوتی گەورەی بەدەستهێناوە، ئەنجامەکەشی دەستوورێکی نوێ بوو کە ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ و یەکسانی ڕەگەزی دەگرێت، یاسای ژمارە ٥٨ کە ژنان لە توندوتیژی خێزانی دەپارێزێت، یەکێکە لە دەستکەوتەکانی شۆڕش، سەرەڕای گێژاوی ئابووری ناوچەکە، ژنانی تونس لە هەموو بوارەکانی ژیان و سیاسەتدا جێگەی خۆیان گرتووە.

 

'شەڕ و ململانێ کاریگەری لەسەر ژیانی هاوڵاتیان هەیە'

سەماح عەبدول عەلاوی سەرنجی بۆ کێشە سیاسی و ئابوورییەکانی میسر و عێراق و سووریا ڕاکێشا و ئاماژەی بەوەدا کە کێشەکان لە تونس گەورەترن و وتیشی: دوای ڕووخانی ڕژێمی حوسنی موبارەک گۆڕانکاری سیاسی گەورە لە میسر ڕوویدا، بەڵام نەبوونی ئازادییە مەدەنییەکان لە ژێر دەسەڵاتی ئێستادا کێشەیەکی گەورەیە، بەهۆی بەردەوامی ململانێ سیاسی و تائیفیەکانەوە دۆخی عێراق باشتر نەبووە، سووریا لە خراپترین حاڵەتی خۆیدا بوو بەهۆی چەندین ساڵ ئازار ململانێ و شەڕی ناوخۆ کە کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیانی هەبووە.

 

'ژنان لەنێوان زەحمەتی و ستەمدان'

 سەماح عەبدول عەلاوی جەختی لەوە کردەوە، ئەو کێشانەی کە ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە لە وڵاتانی عەرەبی جیاوازن لە یەکتر، ململانێ لەسەر بەدەستهێنانی مافەکان لە میسر و سووریا هەیە، هەروەها سنووردارکردنی ئازادییە کەسییەکان لە لیبیا و یەمەندا هەیە و وتی: لە لیبیا ژنان دوای شۆڕش ڕژانە سەر شەقامەکان، بەڵام ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کێشە کۆمەڵایەتییە گەورەکان، جگە لە ئاڵەنگارییەکانی پەیوەست بە بەدەستهێنانی مافەکانی کارکردن و خوێندن، لە ئازادیی هاتوچۆ و گەشتکردندا ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی دەبنەوە، هێشتا ژنان لە زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبیدا لە کارکردن لە ئیدارەکاندا ڕووبەڕووی ناکۆکی و ئاستەنگی دەبنەوە، ژنان لە سودان ملکەچی سیاسەتەکانی حکومەتن کە کولتووری توندوتیژی دژی ژنان بەهێزتر دەکات، هەروەها ئەم سیاسەتانە بەشدارن لە زیادبوونی هاوسەرگیری منداڵان و ژنان و منداڵان تووشی فشار و چەوساندنەوە دەبن.

 'ئاستەنگە ئابوورییەکان بەربەستێکی گەورەیە لەبەردەم ژناندا'

ئیمان عەبد زین عزری، چالاکوانی یاسایی تیشکی خستە سەر دەستکەوتەکانی ڕاپەڕینەکانی گەل و ڕۆڵی ژنان لەم سەرکەوتنانەدا و وتی: لە تونس شۆڕش بووە هۆی گواستنەوەی دیموکراسی و دروستکردنی دەستوورێکی نوێ کە ماف و ئازادییەکانی مرۆڤ بەرەوپێش دەبات، لە میسر سەرەتا دۆخەکە باشتر بوو، بەڵام ئالەنگاری بەردەوام بۆ ئازادییە گشتیەکان وایکردووە کە تەواوکردنی ڕێگەکە بەرەو دیموکراسی قورس بێت، هەرچەندە لیبیا گۆڕانکاری لە سیستمەکەشیدا کرد، بەڵام ناوچەکە گۆڕا بۆ ناوچەیەکی ململانێ کە خۆی لە سەقامگیری دوورخستەوە، سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی ژنانی تونس، بەشێک لە هێزە سیاسییەکانی تونس کاردەکەن بۆ کەمکردنەوەی ڕۆڵی ژنان لە ژیانی گشتیدا، هێشتا ئاستەنگییە ئابوورییەکان بەربەستێکی گەورەیە بۆ زۆرێک لە ژنان بۆ گەیشتن بە خواستەکانیان.

'شۆڕشی تونس دەستکەوتی گەورەی بەدەستهێنا'

ڕەجا کەدۆسی کە بەشداری شۆڕشی تونسی کردووە، باسی لەو دەستکەوتانەی کرد کە تونس دوای ڕاپەڕین بەدەستی هێنابوو و وتی: شۆڕشی تونس ئیرادەی گەلی نیشان دا بۆ بەدیهێنانی گۆڕانکاری ڕاستەقینە، لە سەردەمی شۆڕشدا دروشمی کار، ئازادی، کەرامەت و دادپەروەری کۆمەڵایەتی بەرزکرایەوە، ئەم دروشمانە تەنیا قسە نەبوون، بەڵکو ڕەنگدانەوەی پێداویستییە ڕاستەقینەکانی هاوڵاتیانیش بوون، ئابووری تونس هێشتا بەدەست کێشەی بنەڕەتییەوە دەناڵێنێت، جگە لەوەش لەم ساڵانەی دواییدا نوێنەرایەتی سیاسی ژنانیش کەمیکردووە، بەتایبەتی لە ئەنجومەنی پەرلەماندا، ئەمەش پەیوەندی بە پرسە سیاسییە ناوخۆییەکانەوە هەیە.

 

'ژنانی وڵاتانی عەرەبی هێشتا لە مافەکانیان بێبەشن'

ڕەجا کەدۆسی ئەو دۆخەی ئاشکرا کرد کە ژنان لە وڵاتانی عەرەبیدا ڕووبەڕووی دەبنەوە و وتی: ژنانی ئەو وڵاتانە تووشی فشار و ستەم دەبنەوە، زۆربەیان لە پەراوێزدا دەژین و هیچ ڕێگەیەک نادۆزنەوە بۆ دەستڕاگەیشتن بە مافە سەرەتاییەکانیان، جگە لە پێشێلکردنی مافە پەروەردەیی و کۆمەڵایەتییەکانیان، بوونەتە زیانبەرکەوتووی توندوتیژی و دەستدرێژی سێکسی، ژنانی ئەو ناوچانەی کە بەهۆی شەڕ و ململانێکانەوە زیانیان بەرکەوتووە، وەک یەمەن و سووریا، نەک هەر مافە سەرەتاییەکانیان لەدەستداوە، بەڵکو لە ئاسایشیش بێبەش کراون، پێویستە هاندان هەبێت بۆ پڕۆژەکان بۆ بەهێزکردن و پەروەردەکردنی ژنان و کردنەوەی ڕێگای نوێ بۆ چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان.