لە سووریا ٥ کەس کوژران
٥ کەس بە شێوازی جیاواز لە شارەکانی حەما، ئیدلب و حومسی سووریا کوژران.
ناوەندی هەواڵ
دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، ١١٥ تاوان لە سووریا ئەنجام دراون و لە ئەنجامدا بە گشتی ١٩٨ کەس گیانیان لەدەستداوە کە ٨ ژن و ٥ منداڵ بوون.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، تەرمی دوو کەس لە نزیک گوندی بێری شەرقی لە گوندی سەلامییە سەر بە شاری حەما دۆزراونەتەوە، کە نیشانەی لێدان و گولـلە لەسەر جەستەیان بووە.
بە پێی ڕاپۆرتی سۆهر، ئەو دوو کەسە ڕۆژی ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، لە لایەن هەندێک کەسی خەڵکی گوندی مەخرەمە فۆقانی (جورین) لە گوندەکانی حومس ڕفێندراون.
هەروەها تەرمی گەنجێکی تەمەن ٢٠ ساڵ کە چەند ڕۆژێک بوو بێسەروشوێن بوو لە مەعرەت میسرین لە باکووری ئیدلب دۆزرایەوە، دەرکەوت بە گولـلە کوژراوە.
لە گەڕەکی جیب ئەلجەندەلی شاری حومس، کۆمەڵێک چەکداری نەناسراو هێرشیان کردە سەر ماڵی گۆرانیبێژ بەها ئەلیوسف و لە ئەنجامدا دوو ژن کوژران و گەنجێکی خێزانەکەیان بریندار بوو، ئەو گەنجەش بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.