"سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان" لە ٥٢ زیندان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە سزای لەسێدارەدان بەردەوامی هەیە
بەشداربووانی هەڵمەتی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان" لە هەفتەی ٩١ی ناڕەزایەتی لە ٥٢ زیندان بەردەوامن، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە سزای لەسێدارەدان، دووپاتیان کردەوە ئامادەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەکە و بەردەوام دەبن لە بەرخۆدان.

ناوەندی هەواڵ
هەڵمەتی "سێشەممە نا بۆ لەسێدارەدان" لە هەفتەی ٩١ی خۆیدا درێژەی بە چالاکییەکانی دا، بە دروشمی "سێشەممە نا بۆ لەسێدارەدان"، زیندانیانی یەکەی ٢ی زیندانی قەزڵ حەسار سەرکەوتوو بوون لە گەڕاندنەوەی شەش هاوکاریان کە بۆ تێپەڕاندنی سزاکانیان گواسترابوونەوە بۆ زیندانی تاکەکەسی، ئەمەش دوای مانگرتنێکی هەفتەیی لە خواردن، کە ئەم کارە لە چوارچێوەی ناڕەزایەتییەکی بەکۆمەڵدا بوو بەرامبەر بە دووبارەبوونەوەی لەسێدارەدان و ئەو سیاسەتە سەرکوتگەرانەی کە دەسەڵات پەیڕەوی لێدەکەن.
بەشداربووان ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەیان بەوەکرد، کە هەڵمەتی "سێشەممە نا بۆ لەسێدارەدان" دەچێتە هەفتەی ٩١ی خۆیەوە، دوای هەفتەیەک لە مانگرتن لە خواردن، زیندانیانی یەکەی ٢ی زیندانی قەزڵ حەسار بە دروشمی "سێشەممە نا بۆ لەسێدارەدان" لەدژی لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ و سەرکوتی حکومەت شۆڕشیانکرد، ئەم مانگرتنە بەربڵاوە ئامرازێک بوو بۆ دەربڕینی ڕەتکردنەوەی سزای لەسێدارەدانیان.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، جەخت لەوە کراوەتەوە، کە ئەم ناڕەزایەتییە هاوارێکی بەرخۆدانە لە دژی دەسەڵاتی نامرۆڤانە کە لەسێدارەدانی کۆکۆمەڵی دڕندانە ئەنجام دەدات، تەنها هەفتەی ڕابردوو ٥٩ کەسی لەسێدارەداوە کە دوو ژن و منداڵێکیان تێدابووە و لە ماوەی مانگی تشرینی یەکەمدا ٢٣٢ زیندانی لەسێدارەداوە، بەمەش کۆی ژمارەی لەسێدارودانەکانی ئەمساڵ گەیشتە زیاتر لە هەزار و ٨٧ کەس.
ڕوونکراوەتەوە کە ڕژێم لە چوارچێوەی سیاسەتە سەرکوتگەرەکانیدا، شەممەی ڕابردوو، بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتانی دوژمنکار، دەستبەسەرکراوێکی لە زیندانی قوم لە سێدارە دا، ئەم کارە درێژکراوەی زنجیرەیەک لە سێدارەدانەکانە کە بە بیانووی سیاسی و ئاسایشی ئەنجامدراون، هەروەها ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی خێرایی سەرکوت و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە ڕژێم لەسەر بنەمای لەسێدارەدان دامەزراوە و بە دەنگی هاولاتیان و شۆڕشەکانیان ترساوە، لە ڕێگەی سەرکوتی دڕندانە هەوڵی کوژاندنەوەی بڵێسەی تووڕەی کۆمەڵایەتی لە شارەکانی ئێران دەدات، بەڵام لە خەیاڵێکی گەورەدا دەژی، ئەو زیندانیانەی لە زیندانی قزڵ حەسار سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە، لەگەڵ بنەماڵەکانیان سەلماندوویانە کە لە هیچ شتێک ناترسن و ئامادەن بە هەموو توانایانەوە ڕووبەڕووی ئەو نادادپەروەرییە ببنەوە، ئەوان لەبەردەم ڕژێمدا دەوەستن و ڕەتکردنەوەی پەیوەندییە تاکڕەوەکان ڕادەگەیەنن، بڕیاریان داوە زنجیرەکانی ستەم بۆ یەکجارەکی و بۆ هەمیشە بشکێنن.
بەشداربووان ڕێز و نەوازی خۆیان بۆ زیندانیانی یەکەی ٢ی زیندانی قەزڵ حەسار نوێ کردەوە کە بە خۆڕاگری و ئازایەتی خۆیان لە بەرامبەر نادادپەروەریدا نموونەیەکی زیندوویان بۆ بەرخۆدان داناوە، داواشیان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد لە ڕاگەیەندراوی شەرمەزارکردن تێپەڕن و هەنگاوی کردەیی و کاریگەر بنێن بۆ ڕاگرتنی لەسێدارەدانەکان، هەروەها داوایان لێدەکەن دەنگێک بن بۆ ئەو کەسانەی کە سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە و ڕۆژانە ڕووبەڕووی هەڕەشەی مردن دەبنەوە، وتیان: تا لەسێدارەدانەکان بە تەواوی نەوەستن، ئێمە بەردەوام دەبین لە خۆڕاگریی خۆمان بۆ ئەوەی دەنگی زیندانییەکان و بنەماڵەکانیان بین، هەڵگری هیوای پشتیوانیکردنی گەلی ئێران بە هەموو شێوەیەک، لە هەموو شەقام و کوچە و شارێکدا، تا ئەو کاتەی دادپەروەری بەدەست دێت و کۆت و بەندەکانی ستەمکاری دەشکێنین.
ئەندامانی هەڵمەتی "سێشەممە نا بۆ لەسێدارەدان"، ڕۆژی ٢١ی تشرینی یەکەم، لە ٥٢ زیندان دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کرد، کە بریتین لە زیندانی ئێڤین، زیندانی قەزڵ حەسار (یەکەی ٢، ٣ و ٤)، زیندانی ناوەندی کەرەج، زیندانی کەرەج فەردیس، زیندانی تارانی گەورە، زیندانی قەرچەک، زیندانی خورین و ڕامین، زیندانی قەزوین، زیندانی ئەهار، و... زۆرێک لە زیندانەکانی دیکە کە بەشداریان لە هەڵمەتەکەدا دەکەن.