لە سەرەتای ئەمساڵەوە ٥٠ ژن و ٢٨ منداڵ لە سووریا کوژراون

ڕوانگەی سوری بۆمافەکانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکرد، لەسەرەتای ئەمساڵەوە ٣١٩ تاوانی کوشتنی لە سەرانسەری شارە جیاوازەکانی سووریادا بەڵگە کردووە، کە لە ئەنجامدا ٣٥٩ کەس گیانیان لەدەستداوە، کە ٢٨١ پیاو و ٥٠ ژن و ٢٨ منداڵ بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەو تاوانانەی لە ناوچە و شارە جۆربەجۆرەکانی سووریا ڕوودەدەن، ڕەنگدانەوەی خراپتربوونی ئاستەنگە ئەمنی و مرۆییەکان و دۆخی ئاژاوەگێڕی و بۆشایی سیستەمی یاساییە لەسووریادا، ئەم ئاڵەنگاریانە پێویستیان بە کردەوەی بەپەلە هەیە بۆ بەهێزکردنی پاراستنی کۆمەڵگە و جێبەجێکردنی لێپرسینەوەی یاسایی بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و کەمکردنەوەی توندوتیژی.

 

لە سەرەتای ئەمساڵەوە ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بەرزبوونەوەی مەترسیداری لە ڕێژەی کردەوە تاوانکاریەکاندا بەدی کردووە، کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هاوڵاتی مەدەنی لە سەرانسەری شارە جۆربەجۆرەکانی سووریادا، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ڕاستییەکی کارەساتبارە کە کاریگەری لەسەر هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە هەیە، لەوانەش ژن و پیاو و منداڵان، لە ڕاپۆرتێکی نوێدا ڕوانگە ئاشکرایکردووە، سەدان قوربانیی لە کۆمەڵێک تاوانی جیاوازدا بەڵگە کردووە، ئەمەش مەترسییەکی گەورەی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری کۆمەڵگەی سووریا دروستکردووە.

 

ڕوانگەی سوری بۆمافەکانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتەکەیدا، ٣١٩ تاوانی تاوانکاری و کوشتنی لە سەرانسەری شارە جیاوازەکانی سووریادا بەڵگە کردووە، کە لە ئەنجامدا ٣٥٩ کەس گیانیان لەدەستداوە کە ٢٨١ پیاو و ٥٠ ژن و ٢٨ منداڵ بوون، ئەم ژمارانە ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنێکی مەترسیدارە لە توندوتیژی تاوانکاری، کە تیشک دەخەنە سەر خراپتربوونی ئاستەنگە ئەمنی و مرۆییەکان کە ڕووبەڕووی خەڵکی مەدەنی دەبنەوە لە ژیانی ڕۆژانەیاندا.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەم تاوانانە ڕادەی ئەو قەیرانە ئەمنییە ئاشکرا دەکەن کە مەترسی لەسەر سەقامگیری کۆمەڵگەی سووریا دروستکردووە، هەروەها جەخت لەسەر پێویستی بەپەلە دەکەنەوە بۆ بەهێزکردنی ڕێوشوێنەکانی پاراستن و دادپەروەری، وە دەبێت بەتوندی ڕووبەڕووی هۆکارەکانی  بڵاوبوونەوەی تاوان ببنەوە.

 

بەپێی داتای مانگانە زۆرترین تاوان لە مانگی حوزەیراندا تۆمارکراوە، کە تێیدا ٣٩ تاوان تۆمارکراوە، لەدوای ئەویش مانگی ئادار و نیساندێت ئەویش بە ٣٨ تاوان، هەروەها مانگی کانوونی دووەم و شوباتیش ٣٤ و ٣٣ تاوان تۆمارکراون، لەکاتێکدا مانگی ئایار کەمترین تاوانی بەخۆیەوە بینیوە، کە تەنها ١٥ تاوان تۆمارکراوە.