شەڕ بەردەوامەو سودان ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورەی مرۆیی دەبێتەوە
لە کاتێکدا بارودۆخی سودان لە نێوان گرژبوونی سەربازی و گەڕان بەدوای چارەسەری ئاشتیانەدا دەگۆڕێت، بارودۆخی مرۆیی لەو وڵاتەدا نزیکەی نیوەی دانیشتووانەکەی بەدەست برسێتی زۆرەوە دەناڵێنن بەرەو خراپتر دەچێت.

ناوەندی هەواڵ
لەگەڵ بەردەوامی ئاڵوگۆڕی هەڕەشەکانی نێوان هەردوو لایەنی ململانێ، زیادبوونی ڕووبەڕووبوونەوەکان، پێدەچێت شەڕ لە سودان بۆ ماوەیەکی درێژتر بەردەوام بێت، لەکاتێکدا هیچ نیشانەیەکی چارەسەری سیاسی بەدی نەکراوە، وڵاتەکە قەیرانێکی گەورەی مرۆیی بەخۆیەوە بینیوە.
شەڕ لە دارفور لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا پەرەی سەند ،میدیا ناوخۆییەکانی سودان بڵاویان کردەوە کە دوێنێ ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ ی ئادار ، لە ئەنجامی تۆپبارانەکانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە گەڕەکی جیاجیای فاشر ، لە کاتێکدا بەیانی هەمان ڕۆژ لە تۆپبارانێکی دیکەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا بۆ سەر شاری عوبەید لە باکووری کۆردۆفان منداڵێک کوژرا، ٨ هاوڵاتی دیکەش برینداربوون.
ڕێکخەری ئاوارەکان و پەنابەران لە دارفور ئەوەشی خستەڕوو کە سوپا بۆردوومانێکی ئاسمانی بۆ سەر کامپی شەنقیل توبای لە باشووری ڕۆژئاوای فاشر ئەنجامداوە، بووە هۆی ڕووخانی ژمارەیەک خانووی کامپەکە و برینداربوونی ٥ ئاوارە بە سەختی.
زمانی توندوتیژی سەربازی لە وتارەکانی لایەنەکانی ململانێی سودان کە هەریەکەیان جەختیان لەسەر بەردەوامی شەڕ تا کۆتایی، لەناوبردنی هەرلایەک بەسەر ئەوی تردا کردووەتەوە، لە کاتێکدا ململانێکە گۆڕانکاری بەرچاوی لەسەر زەوی بەخۆوە بینیوە.
شەڕی سودان لە ئەنجامی ململانێی دەسەڵات لە نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەشێکی زۆری خەرتومی وێران کردووە، زیاتر لە ١٢ ملیۆن سودانی ئاوارە کردووە ، نزیکەی ٥٠ ملیۆن دانیشتووی ئەو وڵاتە بەدەست برسێتی زۆرەوە دەناڵێنێت.