خان یونس...زنجیرەیەک هێرش دەیان کوژراو و برینداری لێکەوتەوە
شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس بەردەوامە ،دەیان هاووڵاتی و کارمەندانی تەندروستی کوشتووە ، ناڕەزایی نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە.

ناوەندی هەواڵ
لە ژێر سێبەری شکستی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست ،لە چواردەیەمین ڕۆژی دەستپێکردنەوەی شەڕی سەر کەرتی غەززە دەیان هاوڵاتیان گیانیان لەدەستدا کە ژن و منداڵیشیان تێدایە.
فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ڕۆژی ٣١ ی ئادار بەردەوامبوون لە بۆردوومانکردنی زۆربەی ناوچەکانی خان یونس، ٢١ هاوڵاتی کوژران و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون
لە بۆردومانکردنی چەند شوقەیەک لە شارۆچکەی حەمەد سەر بە خان یونس ٩ هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا کە لەنێوانیاندا منداڵ هەببو، ٦ هاوڵاتی کوژران، ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
بەهۆی تۆپبارانکردنی ئیسرائیل بۆ سەر شوقەکان لە ناوچەی جۆریت لوت لە خان یونس، لە هێرشی سێیەمدا چوار هاوڵاتی لە یەک خێزان کوژران کە سێیان منداڵ بوون، بۆمبارانکردنی خانوویەک لە ناوچەی وادی سابر لە شارۆچکەی عەبسان کەبیرەی ڕۆژهەڵاتی خان یونس دوو کەس کوژران.
هەفتەیەک پاش کوژرانی ١٥ کارمەندی فریاگوزاری مانگی سووری فەلەستینی بەهۆی ئاگری سوپای ئیسرائیلەوە لە ڕەفەح، تیمەکانی فریاگوزاری بە زەحمەت تەرمەکانیان لە ژێر داروپەردووەکان دەرهێنان.
ئەو کارمەندانە لە کاتی هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی قوربانییەکان لە ناوچەی سوڵتان لە ڕۆژئاوای ڕەفح لە باشووری کەرتی غەززە گیانیان لەدەستدا، بەرپرسانی تەندروستی کوشتنی تیمەکانی پزیشکی و فریاگوزارییان شەرمەزارکرد ، ئاماژەیان بەوەدا کە بەشێک لەو تەرمانە بەستراون و گولە لە سنگیان دراون، لە چاڵێکی قووڵدا نێژراون بۆ ئەوەی نەتوانن بناسرێن.
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی خاچی سوور و مانگی سوور (IFRC) ئەم ڕووداوە بە "خوێناویترین ڕووداو لە ساڵی ٢٠١٧ وە پێناسەکرد، لە کاتێکدا کۆمەڵەی مانگی سوور بە ئامانجگرتنی ئەو ڕووداوانە بە "تاوانی جەنگ دادەنێت کە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی مرۆڤایەتی سزادەدرێت، داگیرکەران بەردەوامن لە پێشێلکردنی لەبەر چاوی هەموو جیهان.
سەرەڕای ئەوەی تیمە پزیشکییەکان ڕووبەڕووی دەبنەوە، جوڵەی فریاگوزاری نەوەستاوە، تیمەکانی فریاگوزاری لەم چەند کاتژمێرەی دواییدا زیاتر لە پەنجا کوژراو و دەیان برینداریان گواستووەتەوە لە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزاندا، زۆربەیان ژن و منداڵن، ئەم ژمارەیە لە توانای نەخۆشخانە و تیمەکانی فریاگوزاری زیاترە بەتایبەتی لەگەڵ بەردەوامی داخستنی دەروازەکان، هەرچەندە بە یەکێک لە ئەرکە بنەڕەتییەکانی مرۆیی دادەنرێت کە یاسا نێودەوڵەتییەکان مسۆگەر دەکەن.
سوپای ئیسرائیل لەدوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە بەرەبەیانی ١٨ی ئاداردا شەڕی کەرتی غەززەی دەستپێکردەوە، پاش دوو مانگ وەستان لە ڕێکەوتنی ئاگربەست کە لە ١٩ی کانوونی دووەم کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئیسرائیل لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا بەردەوامبووە لە پێشێلکردنی مەرجەکانی ئەم ڕێکەوتننامەیە.