هێزەکانی ئیسرائیل لە جەنین بەردەوامن لە هێرشەکانیان

وەزارەتی تەندروستی فەلەستین ڕایگەیاند لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل بۆ سەر شاری جەنین و کەمپەکەی تا ئێستا ١٦ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و دەیان کەسیش برینداربوون.

ناوەندی هەواڵ

 

هێزەکانی ئیسرائیل لە زۆرێک لە شارەکانی فەلەستین بەردەوامن لە دەستگیرکردنی خەڵکی مەدەنی و پێشێلکاری بەرامبەریان و ڕووخاندنی ماڵەکانیان، بەهۆی بەئامانجگرتنی شاری جەنین و کەمپەکەیەوە زیانی بەرفراوان کەوتووەتەوە و  لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە هۆی هێرشەکانەوە دەیان کەس گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون، ئەمڕۆش هێزەکانی ئیسرائیل ماڵێکی مەدەنییان لە شاری قەلقیلیا بۆردوومان کرد.

 

 دوێنێش لە باکووری کەرتی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی نابلوس و باکووری تولکارم دەیان هاوڵاتی مەدەنی دەستگیرکران، هەروەها هێرشی کردە سەر ماڵە مەدەنییەکانی شاری بەیتول مقەدەس و کەمپی شوفات لە شاری قودسی داگیرکراو.

 

"١٠ کەس گیانیان لەدەستدا"

وەزارەتی تەندروستی فەلەستین ڕایگەیاند، دوێنێ هێزەکانی ئیسرائیل هێرشێکیان کردە سەر کۆمەڵێک گەنج لە شارۆچکەی تامون لە ناوچەی توباس لە باکووری کەرتی ڕۆژئاوا و لە ئەنجامی هێرشەکەدا ١٠ کەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.

 

"ژێرخانی ئاو و کارەبا زیانیان بەرکەوت"

 سەرچاوە فەلەستینییەکان ڕایانگەیاندووە کە هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە ئاستەنگ دروستکردن بۆ کاری تیمە پزیشکییەکان لە جەنین، لە هەمان کاتدا بەشێک لە پلاتفۆرمە فەلەستینییەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا ئەنجامی هێرشەکانی هێزەکانی ئیسرائیلیان بۆ سەر کەمپی جەنین بڵاوکردووەتەوە کە ماوەی ١٠ ڕۆژە بەردەوامە.

 

بە پێی زانیارییەکان، کەمپەکە ڕووبەڕووی کاولکاری بووەتەوە، ئەوەش زانراوە کە بەهۆی ئەو هێرشانەوە ماڵ و سامانی هاوڵاتیان زیانی بەرفراوانیان بەرکەوتووە، کارەکانی ژێرخانی کامپی تولکارم کراونەتە ئامانج، هەروەها زۆرترین زیان بە تۆڕەکانی ئاو و کارەبا کەوتووە.