کۆیە؛ پانێڵێكی تایبەت بە ڕەوشی پەروەردە و فێرکردن بەڕێوەچوو

لە پانێڵێکدا باس لە ڕەوشی پەروەردە و فێرکردن کرا و جوان بەهائەدین، لە بەشی پەروەردە و دەروونزانی زانکۆی کۆیە، ئاماژەی بەوەدا، "توێژینەوەیەكم دەربارەی ئاستی هۆشیاری گەنجان كردووە، دەرەنجامەكانی جێگەی نیگەرانییە".

شیا كۆیی

 

‎کۆیە- ڕێکخراوی ڕۆشنبیریی کۆیە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە سەرپەرشتیارانی پەروەردە و مامۆستایان و توێژە جیاجیاکان، پانێڵێکی بەناونیشانی (پەرۆشیی پەروەردە و فێرکردن) بەڕێوەبرد، کە تێیدا سێ سیمینار لەلایەن هەریەک لە د. محەمەد ناسر، دکتۆرە جوان بەهائەدین، مامۆستا باخان بەختیار پێشکەشکران، كە بەرەوپێشچوونی پرۆسەی پەروەردە و هۆکارەکانی دابەزینی ئاستی قوتابی و خوێندکاران و کێشە و گرفتەکانیان تەوەری سەرەكی سیمینارەكان بوو.

 

جوان بەهائەدین، مامۆستا لە بەشی پەروەردە و دەروونزانی زانکۆی کۆیە سەبارەت بە بەشداریکردنی لە پانێڵەکە بۆ نوژنها وتی: من بە سمینارێک بەشداریم کرد، کە باس لە ئاستی هۆشیاریی گەنجان دەکەم لە سەردەمی تەکنۆلۆژیای سەردەم، کە ئەویش دەرەنجامی توێژینەوەکەمە، بە داخەوە دەرئەنجامەکانی جێی نیگەرانییە و لە ئاستێکی مەترسیدار دایە، کە پێویستە لەلایەن دایکان و باوکان و مامۆستایان بە پەروەردەی گەنجاندا بچنەوە، تا بتوانن منداڵەکانیان لەسەر بەكارهێنانێكی دروستی تەكنۆلۆژیا رابهێنن.

 

جوان بەهائەدین وتیشی: ئێمە پێشتر ئەم سیمینارەمان لە زانکۆش ئەنجامداوە و پێشنیارمان کردبوو کە ئەو سمینارە لە ناوەندەکانی خوێندن بکەینەوە، وەک هەڵمەتێکی هۆشیاری، بەڵام بەهۆی ڕێکارە ئیدارییەکان نەمانتوانیوە بچینە ناو ناوەندەکانی خوێندن.

 

هەوار وشیار، وەک پەروەردەکار و مامۆستا بەشداری پانێڵەکە بوو و وتی: هەوڵمانداوە لەو پانێڵە چەند ئامانجێکی پەروەردەیی بپێکین، وەکو ڕۆڵی خێزان لە گەڵ مامۆستایان بەرامبەر منداڵ و قوتابیەکان، چونکە خێزان و مامۆستایان پێکەوە دەتوانن دەست بخەنە سەر برینەکان کە لەنێوانیان ڕوودەدات و کاریگەری نەرێنی بۆ منداڵەکان دروست دەکات.

 

هەوار وشیار ئاماژەی بەوەشدا، ئامانجمان لەم جۆرە پانێڵانە هۆشیاری لەبواری پەروەردە و فێرکردنە، تا بتوانین بیبەخشین بە دایکان و باوکان و مامۆستایان و هەموو چین و توێژەکان.