هاواری کۆچبەرێکی سەرێکانی لە بەنداوی تشرین دەنگ دەداتەوە

سورەیا محەمەد، خەڵکی سەرێکانییە، کە بۆ پاڵپشتی ڕووی لە بەنداوی تشرین کردووە، ناڕەزایی خۆی دەربڕی و دەڵێت: ئەو دەوڵەتانەی دەڵێن پاڵپشتی لە هێزەکانی قەسەدە دەکەین، خەڵکی مەدەنی بە بەرچاویانەوە دەکوژرێت بەڵام بێدەنگن.

سۆرگول شێخۆ

 

تشرین- بریندارانی بەنداوی تشرین لەلایەن ژنانەوە هەر لەسەر بەنداوەکە چارەسەر دەکرێن، بەرخۆدانێکی ناوازە و مێژوویی بەڕێوەدەچێت و خەڵک بەم شێوەیە درێژە بە بەرخۆدانەکەیان دەدەن، کە لە ٨ی کانوونی دووەمەوە دەستیپێکردووە.

 

سورەیا محەمەد پەنابەرێکی سەرێکانی داگیرکراوە، لە کامپی واشۆکانی دەژی و لە ٢٨ی مانگەوە لەگەڵ کاروانی کانتۆنی جزیرە لە بەنداوی تشرین لەناو بەرخۆدانی و پاراستندایە، ئەو لە تەنیشت ژنێکی گەنجی بریندارەوە وەستاوە و باسی بەرخۆدان و مەبەستی هاتن و بەشداریکردن لە بەرخۆدانی بەنداوی تشرین دەکات.

 

"ئێمە هاتووین بۆ پاراستنی مێژووی خۆمان"

سورەیا محەمەد سەرەتا تیشکی خستە سەر پارادایمی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان لە بنیانانی ژیان و ڕۆحێکی هاوبەش بۆ هەموو گەلان و وتی: ئەگەر ڕێبەر ئاپۆ لە سەردەمی پێغەمبەراندا بژیابایە، بە دڵنیاییەوە پێغەمبەر بوو. چونکە ئەو گەلانێکی زۆری کۆکردەوە ئەمڕۆ هەزاران کەس لە یەک شوێن دەژین، سەریان لەسەر یەک بالیفە و هەمان بەرخۆدان ئەنجام دەدەن ئەوانیش یەکتر قبوڵ دەکەن، ناتوانن یەک نان بخۆن بەبێ یەکتر. بوونی ئێمە لەسەر بەنداوی تشرین لەپێناو پاراستن و هێشتنەوەی مێژووەکەمانە.

 

"بە هێزی ئەم گەنج و بریندارانە بەرگری لە کۆبانێ دەکەین"

سورەیا محەمەد ڕایگەیاند کە هێزی گەنجان هەموو هێرشەکان تێکدەشکێنن و وتی: هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکانمان دەخوازین، دەمەوێت لێرە شتێک بڵێم؛ بە هێزی ئەو گەنجانە و بریندارەکان ئێمە کۆبانێ و شارە داگیرکراوەکانی سەرێکانی تا عەفرین ئازاد دەکەین، ئێمە دروشمی "بەرخۆدان ژیانە" لە دژی هەموو هێرشێک بەرز دەکەینەوە. هێرشەکان بۆ سەر پێشەنگەکانمان چڕتر دەبنەوە، بەڵام خەباتمان لاواز نابێت.

 

"ئەو وڵاتانەی دەڵێن پاڵپشتی لە قەسەدە دەکەین، بۆ کوشتنی خەڵک قسە ناکەن"

سورەیا محەمەد وتی: ئایا هێز و دادگا نێودەوڵەتییەکان ناڵێن ئەردۆغان بۆچی خەڵکی مەدەنی دەکوژیت؟ ئایا بڕیار نییە کوشتنی مەدەنی قەدەغە بکرێت! کێ لە ئێمە سەربازە لێرە؟ هەموومان مەدەنین و هاتووین بۆ پاراستنی بەنداوەکە، ئەردۆغان هاتووە هێرشمان بکاتە سەر، ئێمە بەردێکمان فڕێنەداوەتە سەر سنوورەکانیان. هاتووە سنوورەکانی ببڕێت و بمانکوژێت و نەتەوە یەکگرتووەکان، تەنانەت جنێڤ و ئاستانەش بێدەنگن، چەند دەوڵەتێک کۆدەبنەوە، دەڵێن ئێمە پشتگیری لە قەسەدە دەکەین، بەڵام خەڵکی مەدەنی بە ئامانج دەگیرێت و لەبەردەم چاویاندا بە بۆمبەکانی ئەردۆغان کۆمەڵکوژ دەکرێن، دەنگ نادەن و هەڵوێستێکی جددیش نیشان نادەن.

 

"ئەو دیموکراسیەی ئەردۆغان بۆ کورد باسی دەکات چۆنە؟"

سورەیا محەمەد ڕایگەیاند کە ئەردۆغان ناتوانێت ملیۆنان کورد قڕ بکات و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: تورکەکان لە خۆیان دەترسن، هەر بۆیە دەیانەوێت ملیۆنان کورد قڕ بکەن. ئەردۆغان دەڵێت ئێمە دیموکراتین، بەڵام دەمەوێت لەوە تێبگەم کە چی جۆرێک لە دیموکراسییە ئەردۆغان باسی دەکات؟ ئەگەر دیموکراسی هەبوایە ئەو دایکە بەساڵاچوانە بۆردوومان نەدەکرا، چۆن دەست لە ویژدانی مرۆڤایەتی نادات. ئەمڕۆ ئەوەندە دەوڵەت پشتگیری خۆیان بۆ قەسەدە نیشان دەدەن و دەڵێن قەرزاری قەسەدەین، بەڵام بە ڕوونی درۆ و دووڕوون، ئەگەر هەستیان بەوە دەکرد کە بەڕاستی قەرزارن، بە دڵنیاییەوە هەوڵیان دەدا هێرشەکانی داگیرکەری تورکیا بوەستێنن.