سێ ژن لە ئەمریکا کوژران

لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕێژەی کوشتنی ژن تا دێت زیاد دەکات، زۆرینەی کوشتنەکانیش لە ڕێگای چەک و توندوتیژی جەستەییەوە دەکرێن.

ناوەندی هەواڵ

 

ئێوارەی چوارشەممە، ٣ی تشرینی دووەم سێ ژن بەهۆی تەقەکردنەوە گیانیان لەدەستدا و دوانیش برینداربوون.

 

پۆلیسی شاری نۆرفۆلک لە ڤێرجینیا لە ڕۆژهەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند: بەهۆی ئەو تەقە کردنانەوە، بریندارەکان دۆخیان لە خراپیدایە.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوبەری پۆلیسی ناوخۆ کە میدیاکانی ئەمەریکا بڵاوی کردووەتەوە، تەقەکان لەلایەن پیاوێکەوە لە گەڕەکێکی ئەو ناوچەیەدا بەهۆی کێشەی خێزانییەوە بووە، لە دوای ڕۆژێک لە ڕووداوەکە تۆمەتبارەکە دەستگیرکراوە.

 

ڕێژەی ژن کوشتن لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تا دێت زیاد دەکات، بە پێی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە بە ڕێژەیەی لە ٪٦٧.٩٥ ژنان لەو وڵاتە بەهۆی چەکەوە دەکوژرێن، هەروەها کوشتن بە دەستدرێژی جەستەیی دووەم جۆری کوشتنی ژنانە لەو وڵاتەدا.

 

ت.پ