پەرتوکخانەی گەڕۆکی ژنانی گەنج گەیشتە سەیدسادق

ژنانی گەنجی تێکۆشەر "پەرتوکخانەی گەڕۆکی ڕێبەر ئاپۆ"یان وەک هەڵمەتێک بەرامبەر پلانگێڕی نێودەوڵەتی بردە شارۆچکەی سەیدسادق.

 

مژدە ئومێد

شارەزوور- ئەمڕۆ لە چوارچێوەی هەڵمەتی "وەرن بۆ جەنگی ئازادی" دژی پلانگێڕی ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ی سەر ڕێبەری گەلی کورد، ڕێبەر ئۆجالان بە پێشەنگایەتی ژنانی گەنج "پەرتوکخانەی گەڕۆکی ڕێبەر ئاپۆ" گەشتە شارۆچکەی سەیدسادق.

لە پەرتوکخانەکەدا پەرتوکەکانی "ژیانم هەمیشە تێکۆشان بوو"ی ساکینە جانسز، "پەپولەی ئازادی"ی ژیاننامەی شیرین عەلەمهولی و پەرتوک و مانیفێستۆکانی ڕێبەر ئۆجالان نمایشکران.

 

ژنانی گەنج بەرامبەر پلانگێڕی سەر ڕێبەر ئۆجالان لە ساڵی ١٩٩٨دا، لە ٩ی تشرینی دووەمەوە پەرتوکخانەیەکی گەڕۆک و هەڵمەتی کتێب بەخشینەوەیان لە سلێمانی و قەزا و ناحیەکانی دەوروبەری وەک گەرمیان و شارەزوور دەست پێکردووە، یەکەم چالاکیان لە بازیان و دواتر سلێمانی، هەڵەبجەی شەهید و ئەمڕۆش لە سەیدسادق بەردەوامی پێداوە.

ئاڤان ئەحمەد، ژنێکی گەنجی ١٩ ساڵە، ئاماژەی بەوەدا پەرتوک گرنگە بۆ ئەوەی زانیاری لێوەربگیرێت، "بە تایبەت بۆ کچان گرنگە تا لە خۆی و کۆمەڵگاکەی  تێبگات"، ئەم کارەی ژنانی گەنجیشی بەرز نرخاند و وتی "دەمەوێت لە ڕێگەی ئەم پەرتوکانەوە لە فکری ڕێبەڕ عەبدوڵا ئۆجالان ئاشناببم."

 

لە چوارچێوەی ئەم هەڵمەتەدا ڕێکخراوی ژنانی گەنج و گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان پەرتوکخانەی گەڕۆ دەبەنە شار و شارۆچکەکانی دیکەش.

 

ت.پ