قەدەغەکردنی نوێ دژی ژنان لەلایەن تاڵیبانەوە

وەزارەتی دارایی و ئابووریی تاڵیبان جارێکی دیکە فەرمانی داوە بە قەدەغەکردنی کاری ژنان لە دامەزراوەکاندا، هۆشداریی داوە بە ڕێکخراوەکان ئەگەر پابەندی فەرمانەکە نەبن ئەوا مۆڵەتەکانیان هەڵدەوەشێندرێتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ماڵپەری ژنانی ئەفغانستان سەبارەت بە دەرکردنی فەرمانێک بۆ جاری دووەم لەبارەی قەدەغەکردنی کار کردنی ژنان لە دامەزراوەکاندا لەلایەن تاڵیبانەوە ڕایگەیاند، وەزارەتی دارایی و ئابووری تاڵیبان جارێکی دیکە قەرمانی داوە بە قەدەغەکردنی کارکردنی ژنان لە دامەزراوەکاندا و لەوبارەوە ڕێنمایی بە دامەزراوە حکومییەکان و کەرتی تایبەت داوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، بە پێی فەرمانی وەزارەتی دارایی و ئابووری تاڵیبان دەبێت ڕیگری لە بەردەوامبوونی کاری ژنان بکرێت و دەبێت سەرجەم ڕێکخراوە ناحکوومییەکان پابەندی ئەو فەرمانە بن و ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر.

 

هەروەها ڕێکخراوەکان ئاگادار کراونەتەوە ئەگەر فەرمانەکە جێبەجێ نەکەن ئەوا سەرجەم چالاکییەکانی دامەزراوەکان ڕادەگیرێت و مۆڵەتەکانیان هەڵدەوەشێندرێتەوە.

 

ئەوەش لەکاتێکدایە، کە ڕێکخراوە مرۆییەکان هۆشداریی دەدەن لەوەی بڕیارەکانی تاڵیبان بۆ سنووردارکردنی ژنان کاریگەری نەرێنی لەسەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بنچینەییەکان لە ئەفغانستان دەبێت، بەتایبەتی کە وڵاتەکە ڕووبەڕووی قەیرانێکی مرۆیی سەخت بووەتەوە.