"پاراستن ئەرکی هەموو لایەکمانە"

مزگین حەسەن، بەڕێوەبەری هێزی پاراستنی کۆمەڵگەی کانتۆنی جزیرە، جەختی لە گیانی بەهێزی سەفەربەریی لە ناوچەکە کردەوە لە بەرامبەر هێرشەکان و وتی: پاراستنی کۆمەڵگە ئەرکی هەموومانە، دەبێت بە سەفەربەریی خاکەکەمان بپارێزین.

زەینەب عیسا

 

قامیشلۆ- لە ٧ی کانوونی یەکەمەوە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی  بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامە، لە کاتێکدا شەڕڤانانی یەپەژە و قەسەدە و یەپەگە لە بەرەکانی پێشەوەی بەرخۆدان ڕێگە بە لەشکرکێشی نادەن، گەل لەسەر بنەمای شەڕی گەلی شۆڕشگێڕ لە گەڕەکەکانی خۆیان خۆیان دەپارێزن.

 

مزگین حەسە، بەڕێوەبەری هێزی پاراستنی کۆمەڵگەی کانتۆنی جزیرە، باسی لەوەکرد کە ڕۆحی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕ لە سەرانسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا خۆی نیشان دەدات و گەڕەکەکان لەلایەن ژنان و گەلەوە دەپارێزرێت.

 

"گەلی مەنبج داوای هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکەن"

مزگین حەسەن باسی لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد و وتی: وەک دەزانن لە ٢٧ی تشرینی دووەم هێرشی قورس کرایە سەر تل ڕەفعەت و شەهبا و گەلی ئەوێ ئاوارە بوون، لە کاتی کۆچکردندا چەندین کردەوەی وەک توندوتیژی و دەستدرێژی و کوشتنیان بەسەردا هاتووە،  جگە لەوەش لە ٧ی کانوونی یەکەمدا هێرشی زۆر قورس کرایە سەر شاری مەنبج و بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاخ، لەگەڵ هێرشەکاندا سەفەربەریی ڕاگەیەندرا.

 

"ژن و پیاو شانبەشانی یەکتر گەڕەک و شارەکان دەپارێزن"

مزگین حەسەن سەرنجی بۆ کار و چالاکییەکانی ڕاکێشا و لە درێژەی قسەکانیدا و وتی: بۆ ئەوەی ئێمە وەک هێزەکانی پاراستنی کۆمەڵگە کانتۆنی جزیرە بپارێزین و ناوچەکەمان پارێزراو بێت، زۆر کار و چالاکی ئەنجام دەدەین، ئێمە چەندین سیمینار و پەروەردە دەدەین بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵکەکەمان، لە ڕێگەی ئەم پەروەردەوەو سیمینارانەوە میللەتەکەمان گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی کە پێویستە هەموو کەسێک گەڕەکەک و شارەکەی خۆی بپارێزێت، لە کانتۆنی جزیرە ژن و پیاو شان بە شانی یەکتر کاردەکەن بۆ پاراستنی گەڕەک و شارەکان، بۆ ئەوەی ناوچەکەمان پارێزراو بێت، لە هەر کۆمەڵگەیەکدا لیژنەی پاراستنمان هەیە، تیم لەو لیژنانەدا پێکدەهێنرێت، بۆ ئەوەی لە شەو و ڕۆژدا هاتوچۆ بکەن، کاتێک کەسێکی نامۆ لە گەڕەکەکەدا دەبینن، سەرنجی دەخەنە سەر، بۆ ئەوەی دزی و سەرلێشێواوی لەو گەڕەکانە ڕوونەدات، هەروەها ئەو شوێنانەی کە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد کەوتبوونە دەستمان، پارێزراون، لە هەموو لایەکەوە خەڵکمان ئاگادار کردۆتەوە ناوچەکەیان بپارێزن.

 

"با پێکەوە شارەکەمان بپارێزین"

مزگین حەسەن داوای کرد کە هەمووان لەم پرۆسەیەدا لەسەر بنەمای ڕۆحی سەفەربەریی گەڕەکەکانیان بپارێزن و لە کۆتاییدا وتی:  هەموو کەسێک دەبێت ببێتە ئەندامی هێزەکانی پاراستنی کۆمەڵگە، لە تەمەنی ٧ ساڵەوە بۆ تەمەنی ٧٠ ساڵ، چونکە ئەمڕۆ ڕۆژی پاراستنی هەرێمە و پێویستە لەسەر بنەمای سەفەربەریی مامەڵە بکەین، هەموو کەسێک دەتوانێت شتێک بۆ هەرێمەکەی بکات، لە ڕووی زانیاری و پاراستن و خۆراکەوە شان بە شانی یەکتر شارەکە بپارێزن.