مەترسی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی هەیە
سپێدە قالیان، چالاکوانی مەدەنی و زیندانی سیاسی پێشوو، نیگەرانی قوڵی خۆی لە گواستنەوەی بەندکراوی سیاسی پەخشان عەزیزی بۆ زیندانی ئێڤین دەربڕی و بە ئاماژەیەکی ئەگەری جێبەجێکردنی بڕیاری لەسێدارەدانەکەی زانی.

ناوەندی هەواڵ
بڕیاری لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی نەک هەر کۆتایی بە ژیانی جەستەیی ئەوان دێنێت، بەڵکو پەڵەیەکی دەروونی قووڵ بەسەر بنەماڵە و هاوڕێکانیاندا بەجێدەهێڵێت، لەکاتێکدا لەنێوان هیوا و ترسدا دەژین، کە جۆرێکە لە توندوتیژیی بێدەنگ کە ئاگایی بەکۆمەڵ دەگرێتەوە، ترس دەگۆڕێت بۆ ئامرازێکی کۆنترۆڵکردن و ملکەچبوون.
ڕۆژی ١١ی تشرینی یەکەم، سپێدە قالیان، چالاکوانی مەدەنی و زیندانی سیاسیی پێشوو، لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام لە نووسینێکدا نیگەرانی قوڵی خۆی لە چارەنووسی بەندکراوی سیاسی پەخشان عەزیزی دەربڕی کە لە دوای گواستنەوەی بۆ زیندانی ئێڤین مەترسی سزای لە سێدارەدانی لەسەرە.
سپێدە قالیان وتیشی: لە ئێستادا پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی چاوەڕوانی لەسێدارەدانن و بڕیاری لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزیش سێ جار پشتڕاست کراوەتەوە، واتە دەکرێت لە هەرساتێکدا بانگهێشت بکرێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە".
سپیدە لە گێڕانەوەی وردەکارییەکانی ڕۆژێکی سەختدا کە زیندانییەکان ئەزموونیان کردووە وتی: دوێنێ لە ڕادەبەدەر گرژییان هەبوو، ترسیان لەوە هەبوو کە پەخشان عەزیزی بۆ لەسێدارەدان جیابکرێتەوە، ئەنیشا، فەریبا جۆن، مەهناز، کەلارە، زەهرە و تەواوی هاوژوورەکانیش ڕۆژێکی زۆ سەختیان بەسەر برد، بەتایبەتی کاتێک داوایان لێکرا پێنج بە پێنج ژوورەکە بەجێبهێڵن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم ڕۆژە لە سەختترین ڕۆژەکان بوو بۆ زیندانییەکان، بەو پێیەی ساتەکان پڕبوون لە دڵەڕاوکێ و ترس، جەختیشی لەوە کردەوە، کە ئامانجی ئەو لەم گێڕانەوەیەدا، نیشاندانی "کاریگەرییە ترسناکەکانی قۆناغەکانی دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بووە لەسەر کەسی سزادراو و دەوروبەری و خێزانەکەی"، کاتێک هەواڵەکە گەیشتووە کە پەخشان عەزیزی لە شوێنەکەی دوورنەخراوەتەوە و هەمووان سەلامەتن، ئیتر نیگەرانییەکەمان ڕۆشت بۆ خێزانەکەی، هەروەها پرسیارمان لە ڕادەی ئەو ئازارە کرد کە ئێستا تووشی دەبن، وە ئەو توندوتیژییەی کە بە سزای لەسێدارەدان بەسەرماندا سەپێنراوە بێ سنوورە،
سپیدە قالیان لە کۆتایی پۆستەکەیدا داوای کرد، باسی وردتر و قووڵتر لە توندوتیژیی لەسێدارەدان بکرێت، بەو پێیەی پێیوایە کاتی لە سێدارەدانەکە هاتووە.