دوو دەرهێنەری ئەفغانی لە فێستیڤاڵی فیلمی تۆرۆنتۆ خەڵاتی نێودەوڵەتییان بەدەستهێنا

ڕۆیا سادات، دەرهێنەری ئەفغانی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی تۆرۆنتۆ، لەگەڵ هونەرمەند و دەرهێنەر مەجدە جەمالزادە، بۆ فیلمی "ئاواز سیما" خەڵاتی ڕێزلێنانیان پێبەخشرا.

ناوەندی هەواڵ

 

فیلمی "ئاواز سیما" هێمایەکی سینەمای ئەفغانستانە، کە پرسەکانی ژن و ناسنامە لە چوارچێوەیەکی مێژوویی ئاڵۆزدا ڕۆشن دەکاتەوە، فیلمەکە بە گێڕانەوەیەکی قووڵی مرۆڤایەتی، ململانێی تاکەکان لەگەڵ ئایدۆلۆژیا و سیاسەت لە ئەفغانستانی پێش جەنگدا نیشان دەدات.

 

ڕۆیا سادات، دەرهێنەری ئەفغانی ڕۆژی ١١ی تشرینی یەکەم، لە  پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاند، کە خەڵاتی ڕێزلێنانی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی تۆرۆنتۆ "IFFSA" وەرگرتووە، کە هاوکاتە لەگەڵ یەکەم نمایشی فیلمی “ئاواز سیما” لە کەنەدا، هەروەها گۆرانیبێژ و دەرهێنەرمەجدە جەمالزادە خەڵاتێکی بۆ هەمان فیلم وەرگرت، لە ئێوارەیەکی تایبەت بە ڕێزگرتن لە نەریتە مۆسیقی و کولتوورییەکانی ئەفغانستان کە بە قسەی ڕۆیا سادات، بۆ چەندین سەدە سەرچاوەی ئیلهامبەخشن.

 

ڕوونیشیکردەوە، ئەم ڕێزلێنانە ئاهەنگێکی تایبەتی فیلمی "ئاواز سیما" بووە و پێزانینی سینەمای ئەفغانی و گێڕانەوەی مرۆڤدۆستانە بووە، لە کاتێکدا کە ڕۆشنبیری و هونەر لە ئەفغانستان لەژێر فشاری زیاتردایە.

 

هەروەها ستایشی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکانی کرد کە بەشداریان لە بەرهەمهێنانی فیلمەکەدا کردوە، کە دوو ڕۆژ لەمەوبەر لە سینەپلێکس کۆرتنی پارک، لە شاری میسیساوگا لە کەنەدا نمایشکرا، هەروەها بەشداری لە مەراسیمی کردنەوەی فێستیڤاڵەکەدا کرد و تیشکی خستە سەر سینەمای ئەفغانستان لەنێو پەرەسەندنی ئاستەنگە کولتووری و سیاسییەکان.

 

فیلمی "ئاواز سیما" فیلمێکی مێژوویی و کۆمەڵایەتییە و لە ساڵی ١٩٧٨ لە شاری خوراسانی ئەفغانستان ڕوودەدات، فیلمەکە باس لە دۆستایەتییەکی کۆنی نێوان سیما و سوریا دەکات، دوو کچ کە دوای کوژرانی براکەی سیما لەلایەن هێزەکانی حزبی شیوعیەوە ڕێگاکانیان لێک جیا دەبێتەوە، ئەم ڕووداوە گرنگە سیما ناچار دەکات هەڵبێت بۆ پاکستان و پەیوەندی بە یاخیبووەکانەوە بکات، لە کاتێکدا سوریا ڕێگایەکی جیاواز دەگرێتەبەر، لەناو پێکهاتەی حزبی شیوعیدا هەڵدەستێت ڕووبەڕووی ئاڵۆزییە سیاسی و ئەخلاقییەکان دەبێتەوە کە ڕەنگدانەوەی ململانێکانی ئەو سەردەمەن.

 

کاستەکە لە کۆمەڵێک هونەرمەندی نوخبە پێکهاتووە، لەوانە مەجدە جەمالزادە، نیلوفەرکۆخانی، عەزیز دەلدار، لینا عەلام، و پەیمان ئاریانفەر.

 

ڕۆیا سادات، کە بە فیلمە سەرکەوتووەکانی وەک ''نامە بۆ سەرۆک کۆمار'' کە نوێنەرایەتی ئەفغانستانی کردبوو لە خەڵاتی ئۆسکار، ئامادەیییەکی بەهێزی لە سینەمای نێودەوڵەتیدا دامەزراندووە، هەروەها دەگەڕێتەوە بۆ دووپاتکردنەوەی پابەندبوونی خۆی بە گێڕانەوەی چیرۆکی ئەفغانی کە ئازارەکانی مرۆڤ و مێژوویی تێکەڵ دەکات و دەنگی ژنان ڕووناک دەکاتەوە لە بەرامبەر گۆڕانکارییە ئاڵۆزەکاندا.